خوێندراوەتەوە: (6.7K)

اسماعیل عبداللە سعداللە

دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردندا، بینای پەرلەمانی کوردستان هێشتا وەک مۆزەخانەیەکی بێدەنگ وەستاوە، لە کاتێکدا پارتی و یەکێتی لە دەرەوەی ئەو بینایەدا خەریکی کێشمەکێشن لەسەر دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات. ئەوەی لێرەدا ڕوودەدات، تەنها دواکەوتنی چەند دانیشتنێکی پەرلەمانی نییە؛ کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە. کاتێک دەرگای پەرلەمان بە داخراوی دەمێنێتەوە، ئەوە تەنها باڵەخانەیەک نییە کە قفڵ دراوە، بەڵکو ئەوە خودی “پرۆسەی دیموکراسی”یە کە کلیلەکەی خراوەتە گیرفانی دوو مەکتەب سیاسییەوە. خەڵک پێی وایە هەڵبژاردن سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ گفتوگۆ و چارەسەر، بەڵام سەرکردە سیاسییەکان پێیان وایە هەڵبژاردن تەنها کۆتایی یارییەکەیە و، دوای ئەوە، دەبێت هەموو شتێک بەپێی ویستی ئەوان بوەستێت!

لە وڵاتانی دونیادا، دیموکراسی هەرگیز بە خستنەخوارەوەی کاغەزێک بۆ ناو سندوقی دەنگدان کۆتایی نایەت؛ بەڵکو ڕێک لەو چرکەساتەوە دەست پێدەکات. دیموکراسی واتە گفتوگۆی گەرم لەناو هۆڵی پەرلەمان، واتە لێپرسینەوەی توند لە وەزیرەکان، واتە دەرکردنی یاسایەک کە کێشەی خەڵک چارەسەر بکات. بەڵام لەم هەرێمەدا، پرۆسەکە سەرەوخوارە! پەرلەمانتارەکان کە دەبوو ئێستا خەریکی لێپرسینەوە بن لەسەر نەبوونی خزمەتگوزاری و دواکەوتنی مووچە، خۆیان بوونەتە مووچەخۆرێکی بێکار کە چاوەڕێی تەلەفۆنی حیزبەکانیان دەکەن تا پێیان بڵێن کەی بۆیان هەیە بچنە ناو هۆڵەکەوە. ئەمە چ جۆرە نوێنەرایەتیکردنێکە کاتێک نوێنەرەکەت تەنانەت مافی ئەوەی نییە دەرگای شوێنی کارەکەی خۆی بکاتەوە؟

داخستنی پەرلەمان پەیامێکی زۆر مەترسیدار دەداتە کۆمەڵگا: “ئێوە دەنگتان داوە، بەڵام ئێمەین کە کاتی کارپێکردنی دەنگەکانتان دیاری دەکەین.” ئەم جۆرە حوکمڕانییە وا دەکات هاوڵاتی تێبگات کە دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا تەنها ڕێوڕەسمێکە بۆ وێنەگرتن لەبەردەم سندوقەکاندا، نەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری. تا ئەو کاتەی پەرلەمان نەتوانێت بێ ڕەزامەندیی پێشوەختەی حیزبەکان کۆببێتەوە، دیموکراسی لەم وڵاتەدا هەر وەک ئۆتۆمبێلێکی نوێ وایە کە سویچەکەی لای کەسێکی ترە و تۆ تەنها بۆت هەیە سەیری بکەیت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 36 Today: 1,731 📊 Click Here