خوێندراوەتەوە: (10.1K)

هێمن غەریب ڕەحمان

چوونە ناو تەلاری سەرۆکایەتیی وەزیران لە عێراقدا هەمیشە بە نمایشێکی گەورەی ئومێد دەست پێدەکات. هەر سەرۆک وەزیرانێکی نوێ کە دێتە سەر کار، بەڵێنی پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی جیاواز، بڕینی دەستی گەندەڵی، و پاککردنەوەی دامەزراوەکان دەدات. بەڵام کاتێک تەمەنی حکومەتەکە تێپەڕ دەبێت، شەقام و هاوڵاتیان درک بە ڕاستییەکی تاڵ دەکەن: دەموچاوەکان گۆڕاون، بەڵام جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەت هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هەمان ئەو تۆڕە حیزبی و بازرگانییە کۆنانەدا کار دەکەن کە ساڵانێکە ڕیشەیان داکوتاوە. ئەم واقیعە پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت: ئایا ڕابەرایەتییەکی نوێ دەتوانێت سەرکەوتوو بێت بەبێ گۆڕینی ئەو پێکهاتە قووڵانەی کە دەوریان داوە؟

ڕاستییەکە ئەوەیە کە گۆڕینی لوتکەی دەسەڵات تەنیا سەرپۆشێکە بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، ئەگەر گۆڕانکارییەکە شۆڕ نەبێتەوە بۆ ناو قووڵایی فەرمانگە و وەزارەتەکان. تۆڕە کۆنەکانی بەرژەوەندی، کە لە هاوپەیمانیی نێوان حیزبە گەورەکان، بازرگانە سێبەرەکان و سەرکردە خاوەن چەکەکان پێکدێن، هێندە بەهێزن کە دەتوانن هەر بڕیارێکی چاکسازیی سەرۆک وەزیران لەبارببەن یان بێبایەخی بکەن. ئەم تۆڕانە لە ڕێگەی بریکارەکانیانەوە لە پۆستە کارگێڕییە ناوەندەکاندا (بریکاری وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی) دەوڵەتی قووڵیان دروستکردووە؛ بۆیە سەرۆک وەزیرانێک کە دەیەوێت بەبێ دەستکاریکردنی ئەم تۆڕانە کار بکات، وەک شۆفێرێک وایە کە ئاراستەی سۆکانەکە دەگۆڕێت بەبێ ئەوەی تایەکانی ئۆتۆمبێلەکە بجوڵێن.

بۆیە، سەرکەوتنی هەر سەرۆکایەتییەکی نوێ بەند نییە بە هێزی لێدوانەکانی یان نیازی پاکی کەسەکە، بەڵکو بەندە بە بوێریی ڕووبەڕووبوونەوەی خودی سیستمەکە. ئەگەر سەرۆک وەزیران نەتوانێت مۆدێلی پشکپشکێنەی حیزبی لە دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکاندا هەڵبوەشێنێتەوە، خۆی لە کۆتاییدا دەبێتە بارمتەی دەستی ئەو تۆڕانە. مانەوەی پێکهاتە کۆنەکان بە ساغڵەمی، واتا هێشتنەوەی دەرگا کراوەکان بۆ هەمان دەرەنجامە دووبارەکانی گەندەڵی و فەشەلی کارگێڕی. ڕابەرایەتیی نوێ ئەگەر نەبێتە ماتۆڕی تێکشکاندنی قۆرخکاریی حیزبی بەسەر دامەزراوەکاندا، تەنیا دەبێتە ناونیشانێکی کاتی لە مێژوویەکی پڕ لە بەڵێنی جێبەجێ نەکراودا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 36 Today: 1,731 📊 Click Here