خوێندراوەتەوە: (5.7K)

سەفا ئەحمەد شەریف – چالاکوان

ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە لەم هەرێمەدا دەگوزەرێت، ئیتر ناوی دانوستان و سیاسەت نییە؛ مەهزەلەیەکی ڕێکخراوە بۆ کڕینی کات. خەڵک بۆ چەندین مانگە سەیری هاتوچۆی شاندەکان و کۆبوونەوە بێئاکامەکانی پارتی و یەکێتی دەکات، بەڵام لە واقیعدا هیچ شتێک نەگۆڕاوە. کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە حکومەت پەککەوتووە و پێکهێنانی کابینەی نوێ دواکەوتووە، کارەساتە گەورەکە ئەوەیە کە ئومێدی خەڵک بە گۆڕانکاری بەتەواوی خنکێنرا.

پەیامەکە زۆر ڕوونە دەسەڵاتداران بۆ یەک چرکەش باکیان بەوە نییە کە لە دەرەوەی ژوورە ساردەکانی ئەواندا بازاڕ وەستاوە و کەرامەت و بژێوی خەڵک کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە. ئەوان تەنها خەریکی قایمکردنی پێگەی خۆیان و یاریکردنن بە کارتەکانی فشار.

کاتێک چارەنووسی مووچە و خزمەتگوزاری دەبێتە بارمتەی مەکتەبە سیاسییەکان، مانای وایە ئەم دوو حیزبە دەوڵەت و دامەزراوەکان وەک “غەنیمەتێکی شەڕ” دەبینن کە دەبێت تا کۆتا دڵۆپ لە نێوان بنەماڵە و کوتلەکانیاندا دابەشی بکەن. دەسەڵات کاتێک لە بەرپرسیارێتی دابڕا، دەگۆڕێت بۆ گەورەترین مۆتەکە بۆ سەر شانی میللەتەکەی.

ئەم شانۆگەری و کات کوشتنە دەبێت بپچڕێت چونکە کوردستان چیتر پێویستی بەوە نییە پارتی و یەکێتی لەسەر مێزی گفتوگۆ هێزی خۆیان بەسەر یەکدا تاقیبکەنەوە و سەرکوتنی وهمی بەسەر یەکتردا ڕابگەیەنن. خەڵک پەرلەمانێکی ڕاستەقینە، حکومەتێکی جێگیر و سەرکردایەتییەکی دەوڵەتمەداری دەوێت کە متمانەی گشتی بخاتە سەرووی تاکتیکە حیزبییە گڵاوەکانەوە چونکە نیشتمان موڵکی کەس نییە و ژیانی خەڵکیش نابێت ببێتە کاڵایەک بۆ تەڵەکەبازیی سیاسی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 36 Today: 1,731 📊 Click Here