خوێندراوەتەوە: (11.0K)

بەڵێن جەمال بابەکر

سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن بە کراسێکی “چێ گیڤارا”وە لەسەر شەقامەکان بە بڵندگۆیەکەوە هاوار دەکات، بەڵێنی ڕووخاندنی سیستەم و هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی گەورە بە خەڵک دەدات. بەڵام ڕۆژی دواتر، هەمان سەرکردە بە قاتێکی ئاوریشمیی گرانبەهاوە لە پشتی جامی ڕەشی ئۆتۆمبێلە (VIP)یەکەیەوە دادەنیشێت و بە هێمنی پلەی فێنککەرەوەکەی ڕێکدەخات، چونکە تازە سوێندی یاسایی خواردووە و بووەتە وەزیر! لێرەدا، شۆڕشە مەزنەکە تەنها تا دەرگای ژوورێکی وەزارەت بڕی کرد و بە پێدانی کورسییەکی خولاوە و چەند پاسەوانێک کۆتایی هات. ئەمە تراژیدیایەکی سادە نییە؛ ئەمە کورتکراوەی سیاسەتی حوکمڕانیی کابینەی مەسرور بارزانییە، کە تێیدا کڕینی سیاسەتمەدار و دەنگە ناڕازییەکان بووەتە ئامرازی سەرەکی بۆ کوشتنی متمانەی گشتی و هێشتنەوەی دەسەڵات.

جۆرج ئۆروێل لە ڕۆمانی “کێڵگەی ئاژەڵان”دا، لە وەسفی گۆڕانی شۆڕشگێڕەکان بۆ ستەمکار دەڵێت: “ئاژەڵەکانی دەرەوە سەیری بەرازیان دەکرد، پاشان سەیری مرۆڤیان دەکرد، و دیسانەوە سەیری بەرازیان دەکردەوە؛ بەڵام ئیتر مەحاڵ بوو بتوانیت جیاوازی بکەیت کامیان کامەیانە.” ئەمە ڕێک وەسفی ئەو سیاسەتە مەترسیدارەیە کە کابینەی دەسەڵات پەیڕەوی دەکات. ئەوان نایانەوێت کێشەکانی وڵات چارەسەر بکەن، بەڵکو تەنها نرخی ئەو کەسانە دەدەن کە باسی کێشەکان دەکەن. کاتێک دەسەڵات ناتوانێت گەندەڵی بنبڕ بکات، بڕیار دەدات ڕەخنەگرەکان بکڕێت و بیانکات بە بەشێک لە گەندەڵییەکە. بۆ ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆنیش، هەڵوێست و ڕەخنەگرتن باوەڕ نییە، بەڵکو تەنها پرۆڤەیەکە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی خۆفرۆشتن لە بازاڕی پۆست و ئیمتیازاتەکاندا.

ئەم بازرگانییە سیاسییە، کوشتنی یەکجارەکیی هۆشیاری و متمانەی هاوڵاتییە. ئەگەر هەموو ئەو پاڵەوانانەی دوێنێ کە باسی ڕووخاندنی سیستەمیان دەکرد، ئەمڕۆ بۆ مووچەیەکی خەیاڵی و پاسەوانێک بوونەتە کۆیلەی هەمان ئەو سیستەمە، ئەی کەواتە خەڵکی سادە متمانە بە کێ بکات؟ ئەگەر سیاسەتی ئەم کابینەیە تەنها بێدەنگکردنی نەیارەکانە بە پارەی باج و قوت و نەوتی خەڵک، ئەی کەواتە ئەم سوپایە لە وەزیر و جێگر و ڕاوێژکارە لە هەولێر کاریان چییە جگە لە وەرگرتنی بەرتیلی یاسایی و چەپڵەلێدان؟ ئەو ملیۆنان دۆلارەی کە دەبوو بکرێتە خزمەتگوزاری و کارەبا بۆ خەڵک، بۆچی دەکرێتە قوربانیی بێدەنگکردنی سیاسەتمەدارە هەرزانەکان؟ کابینەیەک کە تاکە دەستکەوتی کڕینی ئۆپۆزسیۆن بێت لەبری دابینکردنی خزمەتگوزاری، چۆن دەتوانێت بانگەشەی چاکسازی و شەفافیەت بکات؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 100 Today: 962 📊 Click Here