مەهدى حەسەن ئەحمەد
لە سەیرترین و ئازاربەخشترین نمایشەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا، تابلۆیەک دەبینین کە ئەوپەڕی گاڵتەجاڕی و چەواشەکاریی دەسەڵات پیشان دەدات؛ لەم تابلۆیەدا، هاوڵاتییەکی ماندوو و گیرفان خاڵی هەموو وزە و کاتی خۆی لەناو ڕیزی درێژی بەنزینخانەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرف دەکات بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر جیاوازیی چەند سەد دینارێکی لیترێک بەنزین بکات، لە کاتێکدا نوخبەی سیاسی و بەرپرسانی حکومەت زۆر وەستایانە خۆیان لە باسکردنی پرسیارە گەورە و شۆککەرەکە دەدزنەوە کە بریتییە لە چارەنووسی ملیارەها دۆلاری داهاتی ڕاستەقینەی نەوت. ئەگەر بە وردی سەیری ئەم یارییە دەروونییە بکەین، دەبینین چۆن دەسەڵاتداران بە مەبەست ئاستی داواکاری و هۆشیاریی شەقامیان هێندە بچووک کردووەتەوە کە خەڵک لەبری ئەوەی بپرسێت: “بۆچی دوای سەدان ڕێککەوتن و هەناردەکردنی ملیۆنان بەرمیل نەوت، هێشتا وڵاتەکەمان خاوەنی ژێرخانێکی ئابووریی وێران و سیستەمێکی تەندروستی و پەروەردەیی داڕماوە؟”، تەنیا ئەوە دەپرسێت کە ئایا ئەمڕۆ نرخی سوتەمەنی هەرزان بووە یان گران.
ئەم گۆڕینی ئاراستەی سەرنجە، گەورەترین سەرکەوتنی دەسەڵاتە بەسەر ئیرادەی میللەتەکەیدا. کاتێک بەرپرسان لەسەر شاشەکان دەردەکەون، بەوپەڕی شانازییەوە باسی دابەزاندنی پەنجا دینار لە نرخی سوتەمەنی دەکەن و وەها خۆیان نمایش دەکەن کە گوایە گەورەترین موعجیزەی ئابوورییان بۆ خەڵک خولقاندووە، بەڵام هەرگیز ئامادە نین یەک وشە لەسەر ئەو گرێبەستە نەوتییە پەنهان و تەمومژاوییانە بڵێن کە داهاتووی چەندین نەوەی خستووەتە ژێر قەرزێکی قورسەوە. ئەو نەوتەی کە کاتی خۆی بانگەشەی بۆ دەکرا دەبێتە کلیلی “ئابووریی سەربەخۆ” و هەرێمەکەمان دەگۆڕێت بۆ “دوبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، لە واقیعدا تەنیا بووە هۆی دروستبوونی چینێکی بچووکی ملیاردێر و هەژارترکردنی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا.
ئەمەیە ئەو تراجیکۆمیدیایەی کە تێیدا باوکێک ناچارە بۆ پڕکردنی تانکیی ئۆتۆمبێلەکەی لە گەرمای هاویندا ئارەقە بڕێژێت، کەچی سەروەتە نەتەوەییەکەی بە بێدەنگی دەچێتە خەزێنەی کۆمپانیا حزبییەکانەوە و کەسیش بوێریی ئەوەی نییە بپرسێت بۆچی نیشتمانێک کە لەسەر دەریایەک نەوت دانیشتووە، هاوڵاتییەکانی دەبێت لەسەر چەند دینارێک شەڕی یەکتری بکەن! تا ئەو کاتەی خەڵک لەم خەوە چەواشەکارانەیە بێدار نەبێتەوە و لەبری شەڕی ترومپای بەنزینەکان داوای شەفافیەتی خەزێنەی گشتی نەکات، ئەم سیستەمە ئیفلیجە بەردەوام دەبێت لەسەر تاڵانکردنی داهاتووی وڵات و فرۆشتنی وەهم بەناوی خزمەتگوزارییەوە
