هاوکار سەردار عومەر
لە حوکمڕانیی ئەم هەرێمەدا، تابلۆیەک دەبینین کە ئەوپەڕی بێباکی و داڕمانی ئەخلاقی سیاسی دەردەخات؛ لەم تابلۆیەدا، هاوڵاتیی ماندوو و بێزار، بە دەستێکی بەتاڵ و گیرفانێکی خاڵییەوە، دەستی لەسەر چەناگەی داناوە و بە بێهیواییەوە چاوەڕێی هاتنی مووچەیەک یان چاکبوونەوەی بچووکترین خزمەتگوزاری دەکات، لە کاتێکدا نوخبەی سیاسی و بەرپرسانی حکومەت لەناو ژوورە داخراو و فێنکەکانیاندا بەوپەڕی جدییەت و تامەزرۆییەوە خەریکی ژماردنی کورسییەکانیان و دابەشکردنی کێکی دەسەڵاتن. کاتێک باوکێکی هەژار بیر لەوە دەکاتەوە چۆن کرێی ماڵ و مۆەلیدەی گەڕەک پەیدا بکات، یان گەنجێکی دەرچووی زانکۆ لە بێکاریدا خەونەکانی کاڵ دەبنەوە، ئەندازیارانی ئەم حوکمڕانییە ئیفلیجە هەموو وزەیان بۆ ئەوە تەرخان کردووە کە هاوکێشە بیرکارییەکانی هاوپەیمانێتییە حزبییەکان ڕێکبخەن،
وەک ئەوەی گەورەترین کێشەی ئەم وڵاتە تەنیا ئەوە بێت کە کام حزب چەند وەزارەت دەبات! ئەمە ئەو واقیعە گاڵتەجاڕییەیە کە تێیدا بەڵێنەکانی “چاکسازی” و “خۆشگوزەرانی” تەنیا ئامرازێک بوون بۆ ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندوقەکانی دەنگدان، و هەر کە هەڵبژاردنەکان تەواو بوون، میللەت دەبێتە قوربانیی ماڕاسۆنێکی بێكۆتایی لە ڕێکنەکەوتن و شەڕەقسەی میدیایی لەسەر پشکی حزبی. لە وڵاتانی تردا، هەڵبژاردن دەستپێکی کارکردنە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، بەڵام لێرە هەڵبژاردن دەستپێکی وەرزی سڕکردنی وڵات و وەستاندنی کاتژمێری ژیانە. کاتێک خەڵک داوای شەفافیەت لە داهاتی نەوت و دابینکردنی کارەبا و ئاو دەکات، سەرکردەکان وەڵامیان نادەنەوە و لەبری ئەوە، شەڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە کامیان باڵادەستترە لە پەرلەمانێکی بێدەسەڵاتدا کە تەنانەت ناتوانێت یەک وەزیر بانگهێشت بکات.
ئەم ئیفلیجکردنە سیستماتیکییە بۆ ئەوەیە کە خەڵک هێندە ماندوو بکرێت تا لە کۆتاییدا واز لە داواکارییە گەورەکانی بهێنێت و بە بچووکترین دەستکەوت ڕازی بێت. بەڵام ئەم یارییە چیتر کاریگەری نەماوە؛ خەڵک بە تەواوی لەم درۆیانە تێگەیشتووە و گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە سیستەمەکە باکی بە کواڵیتیی ژیانیان نییە. لە کۆتاییدا، شەقام و هاوڵاتییان چیتر سەیری ئەوە ناکەن کە کێ ئەم یارییە سیاسییە دەباتەوە، بەڵکو پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە بۆچی ئەم یارییە قێزەونە هەرگیز کۆتایی نایەت و خەڵک دەبێت تا کەی باجی ئەم نمایشانە بدات
