ئاکام خالید
کێڵگەیەک کە تێیدا سەگەکانی پاسەوان، نەک هەر ڕێککەوتنی نهێنیان لەگەڵ گورگەکاندا کردووە، بەڵکو خۆیان بوونەتە دڕندەترین ڕاوچیی مەڕەکان! لێرەدا شوانەکان لە جیاتی پاراستنی مێگەلەکە، خەریکی فرۆشتنی پاوانەکانن بە قەسابەکان و هەر دەنگێکی ناڕەزایەتیش بە دڕندەترین شێوە لەناو دەبرێت! ئەمە ئەو کارەساتەیە کە ئەمڕۆ بە ناوی حوکمڕانییەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت؛ نیشتمانێک کە لەلایەن پارتی، یەکێتی و گرووپە چەکدارەکانی ترەوە ڕفێنراوە، و دامەزراوە گشتییەکانیشی لەبری خزمەتکردن، گۆڕراون بۆ چەکی کۆنترۆڵکردن و هاڕینی کەرامەتی هاوڵاتییان!
لەم جەنگەڵستانە سیاسییەدا، ئەوەی پێی دەوترێت دەوڵەت، هیچ نییە جگە لە پەیکەرێکی بێگیان کە بۆ پاراستنی حوکمی خێزانی و بەرژەوەندیی تاڵانچییەکان دروستکراوە. کاتێک وەزارەت و دادگاکان دەبنە پاشکۆی مەکتەبی سیاسی و سەرکردەی میلیشیاکان، ئیدی پەرلەمانی بێدەنگکراو و حکومەتی ئیفلیجکراو تەنها بۆ بەشبەشێنەی داهاتی نەتەوەیەک و پەردەپۆشکردنی ئابووریی سێبەر بەکاردەهێنرێن. ئەوان نیشتمانیان کردووەتە موڵکی تایبەتیی کۆمپانیاکانی حیزب، و دادگاکانی کارتۆنیش تەنها بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگە خنکێنراوانەن کە بوێریی ئەوەیان هەیە پەنجە بخەنە سەر برینەکان.
“ستەمکاری و نادادپەروەری، شارستانییەت وێران دەکات”! ئەم خوێندنەوەیە ڕێک هاوشێوەی ئەو داڕمانەیە کە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە سەردەمی حوکمی خەنتە سەربازییەکاندا ڕوویدا، کاتێک گرووپە چەکدارەکان و مافیا سیاسییەکان یاسایان خستە ژێر پێڵاوەکانیانەوە و دەوڵەتیان کردە ئامرازێک بۆ تاڵانکردنی گشتی، کە لە کۆتاییدا بووە هۆی داڕمانی تەواوەتیی کۆمەڵگا! ئەمڕۆ لە نیشتمانی ئێمەشدا هەمان مۆدێلی وێرانکەر پەیڕەو دەکرێت؛ ئەو هێزە چەکدارانەی کە دەبوو قەڵغان بن بۆ پاراستنی نیشتمان، ئێستا بوونەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتی، و دەزگاکانی دەوڵەتیشیان کردووەتە ئامێری سەرکوتکردنی مەدەنی و پاراستنی قاچاخی سنوور!
ئەم مافیا سیاسییانە، لە ڕێگەی دروستکردنی قەیرانی بەردەوام و بڵاوکردنەوەی تیرۆری دەروونییەوە، دەیانەوێت هاوڵاتی تەنها سەرقاڵی پەیداکردنی پاروویەک نان بێت. هەر گەنجێک یان ڕۆژنامەنووسێک داوای دادپەروەری بکات، دەستبەجێ بە پەڕاوی دروستکراو و هەڕەشەی شاراوە وەڵام دەدرێتەوە. لێرەدا، دامەزراوە گشتییەکان نەک بۆ چاکسازی، بەڵکو بۆ بەرهەمهێنانەوەی کۆیلایەتی کار دەکەن، تا هیچ کەس نەوێرێت بپرسێت سامانی ونبوو و داهاتی نەوتی دزراو لە کوێی گیرفانی سەرکردەکاندا شاردراوەتەوە!
کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو درۆیە بهێنین کە دەڵێت ئەم دامەزراوە ڕفێنراوانە ڕۆژێک مافەکانمان بۆ دەگەڕێننەوە. ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکە کە خۆی لە پشتی تفەنگەکانی حیزبەوە حەشار داوە، لە یەکگرتوویی و بێزاریی ئێوە زۆر زیاتر دەترسێت تا لە چەکی یەکتری، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کاتێک هێزی ڕاستەقینەی گەل ڕادەپەڕێت، لافاوی تووڕەیی هەم میلیشیاکان و هەم کۆشکەکانی حوکمی خێزانی بۆ هەمیشە لە ڕەگەوە هەڵدەتەکێنێت!
