خوێندراوەتەوە: (1)

محمد حوسێن عەزیز

لە ئەدەبیاتی سیاسی و ڕاگەیاندنی کابینەکەی مەسرور بارزانی و حوکمڕانانی هەرێمی کوردستاندا، هیچ چەمکێک ئەوەندەی «ئاسایش و سەقامگیری» بەکارهێنانی قۆرخکارانەی بۆ نەکراوە. دەسەڵاتداران هەمیشە ئەم دوو وشەیە وەک مەنتقێکی بێڕکابەر دەپڕشێننە ناو ئاخاوتنی ڕۆژانەیانەوە، تا تەواوی فەشەلەکانی ئیدارەدان، تاڵانکاریی ئابووری، و شێواندنی ئازادییەکان داپۆشن. پەیامی ژێرخانی ئەوان ڕوون و هەڕەشەئامێزە: «دەبێت بێدەنگ بن لە ئاست داڕمانی ژیان، نەبوونی مووچە و گەندەڵی، چونکە ئێمە ئاسایشتان بۆ دابین دەکەین!» بەڵام ئەم تێگەیشتنە شێواوە، پرسیارێکی جەوهەری پشتگوێ دەخات: ئایا ئاسایشێک کە لەسەر زەوتکردنی مافە مەدەنییەکان و پێشێلکردنی مافی خاوەندارێتیی هاوڵاتییان بینا کرابێت، بە کرداری سەقامگیرییە؟

لە زانستی سیاسیی سەردەمییانەدا، ئاسایشی ئارام و درێژخایەن تەنها بە ژمارەی بازگەکان، بڵاوبوونەوەی چەکدارانی حزبی، یان سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد لە هۆڵەکانی دادگادا ناکێشرێت. سەقامگیریی ڕاستەقینە ئەو کاتە دروست دەبێت کە هاوڵاتی لە ناو دەوڵەتەکەی خۆیدا هەست بە ئاسایشی یاسایی، ئاسایشی ئابووری، و پارێزراوی کەرامەت و موڵکایەتیی خۆی بکات. کاتێک ڕژێمێک لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانییەوە ئازادیی دەربڕین دەستبەسەر دەکات، ئازادیخوازان ڕاپێچی زیندان دەکات، و بە سیستمی باجی ناڕەوا موڵک و داهاتی کاسپکاران و فەرمانبەران دەدۆشێت، ئەوا چیتر باسی «سەقامگیری» ناکات، بەڵکو «ترس و ئیفلیجکردنی بەکۆمەڵ»ی کردووەتە جێگرەوەی ئاسایش.

ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانیی ئەمنی، قەڵایەکی کارتۆنییە کە لەسەر ڕقی بێدەنگکراوی جەماوەر وەستاوە. کاتێک هاوڵاتی دەبینێت دەزگا ئەمنییەکان لە بری پاراستنی ژیان و مافەکانی، بوونەتە ئامرازی پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و داپۆشینی گەندەڵییەکانی دەستەی فەرمانڕەوا، متمانەی بە تەواوەتی لە نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەتدا هەڵدەتەکێت. ئاسایشێک کە تێیدا خەڵک لە ئایندەی خۆیان، لە نانی منداڵەکانیان، و لە دەربڕینی ڕای خۆیان بترسن، سەقامگیری نییە؛ بەڵکو حاڵەتێکی کاتیی تەقینەوەیە کە لەژێر پەردەی ترسدا ڕاگیراوە.

کۆتایی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە، حەقیقەتێکی زۆر تاڵمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە چیتر بە هیچ مانۆڕێکی ئەمنی داپۆش ناکرێت: لەم نیشتمانە حوکمدراوەدا، دەسەڵاتداران ترس و بێدەنگییان بە هەڵە ناو ناوه «سەقامگیری»؛ ئاسایشێک کە مافە مەدەنییەکان و کەرامەتی مرۆڤ بپووکێنێتەوە، ئاسایش نییە، بەڵکو زیندانێکی گەورەیە کە تەنها دیوارەکانی نەبینراون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 22 Today: 1,361 📊 Click Here