ئاسۆ کانەبی عمر
یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کاندیدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نەک تەنها کۆتایی بە کێبڕکێیەکی توندی چەند مانگیی نێوان دوو جەمسەرە سەرەکییەکە، سەبارەت بەو پۆستە نەهێنا، بەڵکو لاپەڕەیەکی نوێی لە “شەڕی سارد” و لێکترازانی سیاسی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەڵدایەوە. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم سەرکەوتنە حزبییانە لە بەغدا، چەندە خزمەت بە دۆزی ڕەوای کورد و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکەن؟
پەیوەندیی پارتی و یەکێتی؛ لە هاوبەشییەوە بۆ ڕکابەریی ناتەندروست دوای پۆستی سەرۆک کۆمار، پەیوەندییەکانی ئەم دوو حزبە بەرەو لێکترازانێکی قووڵتر دەڕۆن! پارتی دیموکراتی کوردستان وا دەبینێت، کە یەکێتی بەبێ ڕەزامەندی ئەو و بە پشتگیریکردنی لایەنە عێراقییەکان ئەو پۆستەی بردووە، یەکێتیش وا دەبینێت، کە ئەمە مافێکی مێژوویی خۆیەتی. ئەم گرژییە تەنها لە بەغدا نامێنێتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئاییندەی حکومەتی هەرێم لە نێوان ئەم دوو بەرداشەدا لە مەترسیدایە؛ چونکە کاتێک دوو هاوبەشی سەرەکی لە بەغدا نەیاری یەکتر بن، ئەوا لە هەولێر ناتوانن کارنامەیەکی حکومیی یەکگرتوو جێبەجێ بکەن. ئەمەش مەترسیی روخساری “دوو ئیدارەیی” تۆختر دەکاتەوەو پەککەوتنی دامەزراوەکانی هەرێم زیاتر دەکات.
بەرژەوەندیی نیشتمانی یان دەستکەوتی حزبی؟ بۆ خەڵکی کوردستان، ئەوەی گرنگە دابینکردنی مووچە، هەلی کار و پاراستنی قەوارەی هەرێمە، نەک ئەوەی کێ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا دادەنیشێت. بەڵام ئەوەی دەبینرێت، حزبە کوردییەکان لە بەغدا زیاتر خەریکی زیادکردنی “پشکی حزبی” و وەرگرتنی وەزارەتن، نەک جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و دابینکردنی بودجەی بۆ ئاوەدانی کوردستان و مووچەی خەڵک. کاتێک بەرژەوەندیی حزب دەخرێتە پێش بەرژەوەندیی نەتەوە، پێگەی کورد لە ناوەند لاواز دەبێت، هەروەک ساڵانی رابردوو، کە بینیمان و دەزانین چەندە لاوازە! لایەنە عێراقییەکان ئەم پارچە پارچە بوونەی کورد، وەک هەلێک دەبینن بۆ سەپاندنی مەرجەکانی خۆیان. کردووشیانە، بەڵام زۆرتر لە وەی کردوویانە، چاوەڕێمان دەکات!
بازرگانی بە دەنگ و پۆست؛ ئیفلاسی ئەخلاقیی سیاسی دیاردەی کڕین و فرۆشتنی دەنگ لە پەرلەمان و کڕینی پۆستە باڵاکان، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاییندەی عێراق و هەرێم. کاتێک پۆستێک بە پارە یان بە سازشی سیاسیی ژێر بە ژێر دەبڕدرێتەوە، ئەو بەرپرسەی دەچێتە سەر کورسییەکە خۆی بە قەرزاری لایەنە سیاسییەکان دەزانێت نەک بە خزمەتکاری گەل و ئەم بازرگانییە سیاسییەش دەبێتە هۆی: ١- داڕمانی متمانە: هاووڵاتیان متمانەیان بە سندوقەکانی دەنگدان نامێنێت. ٢- گەندەڵی دامەزراوەیی: ئەو پارەیەی بۆ کڕینی پۆست خەرج کراوە، دەبێت لە ڕێگەی گەندەڵی و دزینی سامانی گشتییەوە بگەڕێنرێتەوە. ٣- بێهێزی لە بڕیاردان: بەرپرسێک کە بە “بازرگانی” گەیشتبێتە پۆست، ناتوانێت بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی میللەتەکەی بکات.
دەرئەنجام کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی سەختدایە. ئەگەر یەکێتی و پارتی نەگەڕێنەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان نەکەنە پێوەر بۆ کارەکانیان لە بەغدا، ئەوا مێژوو بە بەزەیی نابێت. مانەوەی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە یەکدەنگیی ناوخۆیی، نەک بەو پۆستانەی کە لە بەغدا بە “کڕین و فرۆشتن” و تەکەتولی حزبی بەدەست دێن. ئاییندەی ئەم وڵاتە پێویستی بە پیاوی دەوڵەتە، نەک بازرگانی سیاسی.
