شەهرام خالید عەبدولڕەحمان
بینایەکی گەورە لە ناوەڕاستی پایتەختدا بە شوشە و مەڕمەڕ ڕازێنراوەتەوە، پاسەوانەکان بە تفەنگەکانیانەوە لەبەردەم دەرگاکانیدا وەستاون بۆ پاراستنی هۆڵێک کە لە ناوەوە هیچ شتێکی تێدا نییە جگە لە دەنگی بەتاڵی و کورسییە چۆڵەکان. هاوڵاتییەکی ماندوو کە مانگانە بە باج و گیرفانی خاڵی خۆی پارەی ئاوەدانکردنەوەی ئەم باڵەخانەیە دەدات، دەزانێت کە چوونە ژوورەوە و دەرنەچوونی نوێنەرەکان هیچ جیاوازییەک لە ژیانی ئەو دروست ناکات. ئەم دەسەڵاتە دامەزراوەکانی نەکردووەتە شوێنی بڕیاردان، بەڵکو کردوونیەتییە قەبرستانێک کە تێیدا یاسا و ویستی گشتی بە بێدەنگی دەنێژرێن، تاوەکو تاڵانچییەکان بتوانن لە کۆشکەکانی دەرەوەی پەرلەمانەوە بە ئارەزووی خۆیان خەزێنەکان خاڵی بکەن.
کاتێک پەرلەمان ئیفلیج دەکرێت یان دادەخرێت بەهۆی ململانێی پارتی و یەکێتییەوە، ئەمە ڕووداوێکی کاتی یان قەیرانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بەڵگەی سەلمێنەری ئەوەیە کە دەسەڵاتی بنەماڵە هەرگیز بڕوای بە دامەزراوەی مەدەنی نەبووە. ئەوان ئەم هۆڵەیان تەنها وەک دادگای کارتۆنی و پەردەیەک بۆ شاردنەوەی ئابووری سێبەر و سامانی ونبوو بەکاردەهێنا، و هەرکاتێک بینییان کە ناتوانن لە ڕێگەیەوە بەرژەوەندی کۆمپانیا حزبییەکان بپارێزن، بە یەک فەرمانی حیزبی دەرگاکەیان داخست. ئەم بێدەنگییە، نیشانەی باڵادەستیی هێزی تاریکییە بەسەر دەوڵەتدا، کە تێیدا قاچاخچێتی سنوور و غەسلی پارە پێویستیان بە چاودێری پەرلەمانی نییە، بەڵکو تەنها پێویستیان بە ڕێککەوتنی ژێر بەڕەی دوو مافیایە کە نیشتمانیان کردووەتە موڵکی تایبەتی.
“تەنها دەرکەوتنی ڕواڵەتی حکومەتێک زۆرجار بەسە بۆ ئەوەی خەڵک ملکەچی بن”ئەمەش هەمان ئەو وەهمەیە کە لە وڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا دەبینرێت، کاتێک بینای پەرلەمان گەورەترین و جوانترین بینای شارە، بەڵام بڕیارەکان لەناو کەمپە سەربازییەکان و لە تاریکیدا دەدرێن. بەڵام ئەم فەنتەڵۆسانەی ئێمە، هێشتا بێشەرمانەترن؛ ئەوان تەنانەت پێویست بەوەش نابینن کە پەرلەمان بۆ ڕواڵەتیش بە کراوەیی بهێڵنەوە، بەڵکو بێباکانە دەریدەخەن کە ئەوەی وڵات بەڕێوە دەبات سیستەمی پشک پشکێنە و میلیشیای حیزبە، نەک یاسا و نوێنەرانی خەڵک.
ئەم میللەتە کە ناوتان تەنها بۆ پڕکردنەوەی سندوقی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت! دەبێت تێبگەین کە بینایەک گەر لەسەر کاغەز ناوی “دەزگای یاسادانان” بێت، بەڵام نەتوانێت ڕێگری لە دزینی نەوتی دزراو بکات، ئەوە تەنها مۆنۆمێنتێکە بۆ شەرمەزاری. کاتێک دەسەڵاتێک بێدەنگی بەسەر دامەزراوەکاندا دەسەپێنێت و قەیرانی دروستکراو بەکاردەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک، تاکە وەڵامێک کە شایستەی بێت، تێکشکاندنی ئەو وەهمەیە کە گوایە ئێمە خاوەنی حکومەتین. ڕزگاربوون لەم دۆخە، لە داننان بەو ڕاستییەوە دەست پێدەکات کە پەرلەمانی مردوو هەرگیز ناتوانێت ژیان ببەخشێتەوە بەم نیشتمانە خنکێنراوە.
