خوێندراوەتەوە: (10)

سەربەست سەعید ساڵح

لە سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، ئێمە لەبەردەم دیاردەیەکی سەیرداین: دەسەڵاتداران و سەرکردە حیزبییەکان توانای کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەیەکی ژیانی خەڵکیان هەیە (لە ئاسایش و بازاڕەوە تا دەگاتە دادگاکان و پەرلەمان)، بەڵام کاتێک دێتە سەر دابینکردنی بچووکترین پێداویستییە گشتییەکان، وەک کارەبا، ئاو، و مووچەی فەرمانبەران، لەپڕ ئامێری دەوڵەتداری لەکار دەکەوێت و ڕووبەڕووی داڕمانێکی بەردەوام دەبێتەوە. ئەمە مانای ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئێمە فێری “مانەوە لەسەر کورسی” بوون، بەڵام قەت فێری “بەڕێوەبردنی وڵات” نەبوون. ئەوان بە ناوی “حکومەت”ەوە کۆنترۆڵی ڕەهایان هەیە، بەڵام ئەنجامەکەی لەسەر زەوی تەنها داڕمانی خزمەتگوزارییەکانە.

(وەک چۆن نووسەری فەرەنسی، ئۆنۆرێ دێ بالزاک دەڵێت: لەپشت هەر سەروەتێکی گەورەی کتوپڕەوە، تاوانێکی شاراوە هەیە.” ئەمڕۆش سەروەتی خەیاڵیی سەرکردەکانی کورد بە زەبری تاڵانکردنی بودجە و دزینی قوتی خەڵک کۆکراوەتەوە). کاتێک نیوەی کۆمەڵگە لە چاوەڕوانیی مووچەدا دەژین و قوتابخانەکان دادەخرێن، بەرپرسەکان باسی “قەیرانی ئابووریی جیهانی و فشاری بەغدا” دەکەن وەک پاساوێک بۆ بێتوانایی خۆیان، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرمایەکانی خۆیان لە دەرەوەی وڵات کەڵەکە دەکەن. (ئابووریناس جۆن مەینارد کەینز دەڵێت: باشترین و سەلامەتترین ڕێگە بۆ وێرانکردنی بنەماکانی کۆمەڵگایەک، تێکدانی دراو و ئابوورییەکەیەتی.” ئەم دەسەڵاتەش بە بڕینی مووچە و بێبەهاکردنی ماندووبوونی فەرمانبەران، خەریکی هەمان وێرانکارییە تا خەڵک تەنها بیر لە سکی بکاتەوە نەک لە لێپرسینەوە ).

ئەم سەرکردایەتییە، دەسەڵات تەنها بۆ یەک مەبەست بەکاردەهێنێت: “سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی”. کاتێک مامۆستایان یان چالاکوانان داوای مافی خۆیان دەکەن، یەکسەر دەزگا ئەمنییەکان دەکەونە کار و بە گازی فرمێسکڕێژ و زیندان وەڵامیان دەدەنەوە. برچوونى من : یاساکان ڕێک وەک تەونی جاڵجاڵۆکەن؛ مێشوولە و زیندەوەرە لاوازەکان دەگرن، بەڵام زیندەوەرە گەورە و بەهێزەکان دەیپسێنن و دەرباز دەبن.” ئەمڕۆش لە کوردستاندا، بەرپرسە گەورەکان ڕۆژانە یاسا دەپسێنن و داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان بەتاڵان دەبەن، بەڵام گەنجێکی هەژار یان ڕۆژنامەنووسێک لەسەر ڕەخنەیەک بە توندترین شێوە سزای یاسایی دەدرێت, ئەمە نیشانەی دەسەڵاتێکە کە هێزی هەیە، بەڵام شەرعیەتی نەماوە

بەداخەوە، ئەم داڕمانە بەردەوامە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگیی شەقام و نەبوونی لێپرسینەوە. (مارتن لوتەر کینگ جونیۆر دەڵێت: گەورەترین کارەساتی ئەم سەردەمە، دەنگی بەرزی خراپەکاران نییە، بەڵکو بێدەنگیی ترسناکی مرۆڤە باشەکانە.” ئەم بێدەنگییەی ئەمڕۆی شەقامەکانی ئێمەش، گەورەترین چەکە بەدەست ئەو مافیایانەوە تا درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن و وڵاتەکەمان بفرۆشن). کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگە تێبگات کە “دەسەڵاتدارێک نەتوانێت نانی ڕۆژانە و خزمەتگوزاریی سەرەتایی دابین بکات، مافی ئەوەی نییە بڕیار لەسەر چارەنووسی نەتەوەیەک بدات.” مانەوە لەسەر کورسی بەبێ ئەنجام، تەنها مانای داگیرکارییەکی ناوخۆییە بە ناوی حوکمڕانییەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 204 Today: 1,280 📊 Click Here