خوێندراوەتەوە: (143)

جێگر بۆرهان معمد

وەک بینایەکی زەبەلاح کە لە دەرەوە بە شووشەی ڕەنگاوڕەنگ و ڕووناکی بریقەدار ڕازێنراوەتەوە، بەڵام لە ژێر زەمینەکەیدا پایە کۆنکرێتییەکان درزیان بردووە و ئاوی زێراب خەریکە بناغەکەی دەخوات؛ “سەقامگیری”ی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە وێنا دەکرێت. کاتێک دیپلۆماتکارێکی بیانی لە باڵکۆنی ئوتێلێکی پێنج ئەستێرەیی هەولێرەوە سەیری تاوەرە بەرزەکان دەکات و باس لە “ئارامیی کوردستان” دەکات، لە هەمان کاتدا، سەدان هەزار فەرمانبەر لە خوارەوە لە قەرزدا خنکاون، گەنجان خەریکی فرۆشتنی ماڵەکانیانن بۆ ڕاکردن بەرەو ئەوروپا، و دادگاکانیش خەریکی دابەشکردنی سزای حیزبین بەسەر چالاکواناندا. ئەمە سەقامگیری نییە؛ ئەمە بێدەنگیی ناو ژووری چاوەڕوانیی نەخۆشخانەیەکە کە نەخۆشەکانی هێزی هاوارکردنیان نەماوە.

ئەم وەهمە کە گوایە کوردستان تاکە پەناگەی ئارامە لە عێراقدا، تەنها بۆ خەڵەتاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست نەکراوە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو داڕمانە پێکهاتەییەی کە تەواوی سیستەمی سیاسی و ئابووریی هەرێمی گرتووەتەوە. ئابوورییەک کە بەتەواوی پشتی بە نەوت و داهاتی نادیار بەستووە و ناتوانێت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات ، لەگەڵ سیستەمێکی سیاسی کە تێیدا دوو حیزب (پارتی و یەکێتی) هەموو جومگەکانی ژیانیان قۆرخ کردووە و تەنانەت کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردنیشیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە ، هەرگیز ناتوانن ببنە پایەی سەقامگیرییەکی درێژخایەن.

(وەک چۆن ئەنتۆنیۆ گرامشی دەڵێت: “کۆنەکان خەریکە دەمرن، بەڵام نوێیەکە ناتوانێت لەدایک بێت؛ لەم بۆشاییەشدایە کە دڕندەکان دەردەکەون”) — ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە میسری کۆتاییەکانی سەردەمی حوسنی موبارەکدا هەبوو، کاتێک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمریکا ستایشی “سەقامگیری و گەشەی ئابووری”ی میسرییان دەکرد، لە کاتێکدا ئەو گەشەیە تەنها بۆ نوخبەیەکی بچووکی دەوروبەری سەرۆک بوو، و گەلیش لەژێر هێڵی هەژاریدا دەکوڵا تا ئەو ڕۆژەی تەقییەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە موبارەکیش بێباکترن؛ ئەوان پشت بە هێزی میلیشیا حیزبییەکان دەبەستن کە بە هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا قەڵەو کراون ، و دەیانەوێت بە زەبری هێز، ئەو سیستەمە پاتڕۆناژ و خێڵەکییە بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن کە ئیتر توانای بەخێوکردنی لایەنگرەکانیشی نەماوە.

لەم زەلکاوە سیاسییەدا، هەرێمی کوردستان بووەتە مەیدانێک بۆ تەماشاگەرییەکی مەدەنی؛ لەسەر شاشەکان پەیمانی چاکسازی و وەبەرهێنان دەدەن، بەڵام لە واقیعدا پرۆسەیەکی وردی چەتەگەری بەڕێوەدەبەن کە تێیدا داهاتی نەوت و باجەکان دەچنە گیرفانی تایبەتی و هەژماری دەرەوەی وڵاتەوە. ئەم منداڵە لوسکانەی سیاسەت کە وەک پڵنگە کاغەزییەکان بانگەشەی سەربەخۆیی دەکەن، کاتێک پارەیان نامێنێت، دەبنە بارمتەی بەغدا و کەرامەتی هەرێمەکە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەوان ئارامییان تەنها بۆ مانەوەی قاصەکانیان دەوێت، نەک بۆ کەرامەتی مرۆڤی کورد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 139 Today: 1,686 📊 Click Here