عەتا ئادەم عەبدوڵا
وەک پزیشکێک کە بە یەک دەست ئۆکسجین لە نەخۆشەکەی دەبڕێت و بە دەستەکەی تریش بڕوانامەی ڕێزلێنان بەسەر پەرستارەکاندا دابەش دەکات و باس لە گرنگیی ژیان دەکات؛ پارتی و یەکێتی بەمجۆرە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەنووسیی کوردی دەکەنەوە. کاتێک خێزانێکی دڵشکاو لەبەردەم دەرگای ئاسایش و دادگاکاندا چاوەڕێی سۆراغی کوڕە چالاکوانەکەیان دەکەن، و قەڵەمێکی وەک شێروان شێروانی ڕۆژەکانی تەمەنی لە پشت شیشی زیندانەکانی هەولێرەوە دەژمێرێت، سەرکردەکانی ئەم دوو حیزبە بەوپەڕی بێباکیەوە لەبەردەم مایکرۆفۆنەکاندا وەستاون و باس لە “ئازادییەکی بێ پێوانە” دەکەن. ئەمە قەیرانی تێگەیشتن نییە لە دیموکراسی، بەڵکو قەیرانی ئەو لوتکە بێشەرمییەیە کە دەسەڵاتێک دەتوانێت وڵات بکاتە کەمپێکی دەستبەسەرکردن بۆ هەر دەنگێکی جیاواز، کەچی خۆشی وەک پاڵەوانی کراوەیی نمایش بکات.
لەم تەماشاگەرییە مەدەنییەدا کە هەردوو حیزب بە هاوبەشی و لە دوو جوگرافیای جیاوازدا بەڕێوەی دەبەن، دەستگیرکردنی چالاکوانان لە شارەکان و هێشتنەوەی ڕۆژنامەنووسان لە زیندانەکان، بەردەوام پاساوی یاسایی و ئەمنیی بۆ دەهێنرێتەوە. ئەوان دەیانەوێت پێمان بڵێن کە لەم هەرێمەدا هەموو شتێک ئازادە، بەو مەرجەی نەپرسیت ئەم مافیا و کارتێلە سیاسییە چۆن داهاتی خاڵە سنوورییەکان دەدزن و بۆچی کەرامەتی هاوڵاتی لەسەر مووچەیەک هەڕاج دەکرێت. لای ئەوان، وشەی “ئازادی” پێوانەی نییە تەنها لە یەک حاڵەتدا: ئازادیی پەسندکردنی سەرکردە و بێدەنگبوون لە تاڵانکاری.
هەمان ئەو واقیعەیە کە لە ڕووسیای سەردەمی پوتیندا ڕوویدا، کاتێک دەستوورەکەیان پڕ بوو لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و سەرکردەکانیان لە ڕۆژە نیشتمانییەکاندا باسیان لە کراوەیی دەکرد، بەڵام لە واقیعدا دادگاکان کرابوونە چەکێک بۆ زیندانیکردن و خفه کردنی هەر ڕۆژنامەنووسێک کە پەردەی لەسەر تاوانەکانی دەسەڵات لادەدا. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، هێندە بچووک بوونەتەوە کە تەنانەت جورئەتی ئەوەیان نییە ڕاشکاوانە بڵێن ئێمە ڕەخنە قبوڵ ناکەین؛ بەڵکو دادگاکان وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن تا قەڵەمەکان بشکێنن، پاشانیش خۆیان تاجی پارێزەری ئازادی دەکەنە سەر خۆیان.
کاتێک قەڵەمێک باس لە مووچەی نەدراو و گەندەڵی دەکات، خێرا دەبێتە “تێکدەری ئاسایشی نیشتمانی”، بەڵام کاتێک وڵات لە ژوورە داخراوەکاندا هەڕاج دەکرێت، ئەوە پێی دەوترێت “سیاسەتی حەکیمانە”. ئەم حیزبانە خاوەنی دەیان هەزار چەکدار و کۆمپانیای زەبەلاحن، کەچی هێندە ترسنۆک و لەرزۆکن کە بەرگەی یەک پۆستی فەیسبووک، یەک وتاری ڕەخنەگرانە، یان یەک پرسیاری بێ فلتەری ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد ناگرن.
لە نێوان هەڕەشەی بڕینی نان و تاریکیی زیندانەکاندا هێشتا وشەکانتان نافرۆشن؛ ئەم دەسەڵاتە لە ڕەسەنایەتی و وتارەکانی ئێوە دەترسێت زۆر زیاتر لەوەی ئێوە لە کەلەپچەکانی ئەوان بترسن. ئەگەر ئەوان لە شەرعیەتی خۆیان و پاکیی دۆسیەکانیان دڵنیابوونایە، هەرگیز نەیاندەویست بە تۆقاندن و دادگای حیزبی وەڵامی چەند دێڕێک نووسین بدەنەوە. سیستەمێک کە لە واقیعدا قەڵەم بشکێنێت و لەسەر شاشەکانیش شیوەنی درۆینە بۆ ئازادی بگێڕێت، پێشتر لە ناوەوە تەواو داڕماوە — و تەنها هێزی بەردەوامیی ڕاستییەکانی ئێوەیە کە ئەو دیوارە درۆینەیە بەسەر سەریاندا دەڕوخێنێت!
