خوێندراوەتەوە: (513)

بارزان محمد ظاهر حجي

مانەوە لەسەر کورسیی دەسەڵات بە زەبری دواخستنی پرۆسەی دیموکراسی، هەرگیز مانای بەهێزی نییە، بەڵکو تەنها نیشانەی ترسێکی قووڵە لە لەدەستدانی قۆرخکاری! کاتێک هەرێمی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دا، کۆمەڵگە چاوەڕێی گۆڕانکاری و پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ بوو کە کۆتایی بەو کابینە شکستخواردووەی نۆیەم بهێنێت کە تەنها باج و بێمووچەیی بۆ خەڵک هێنابوو. بەڵام کارەساتەکە لێرەدایە: زیاتر لە ساڵێک و نیوە بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە ، و مەسرور بارزانی کە سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەرە، نەک هەر ئامادە نییە کورسییەکەی جێبهێڵێت، بەڵکو بە ئەنقەست بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەمدا، تەنها لەبەر ئەوەی دەیەوێت بە هەمان عەقڵیەتی ئەمنی و پاوانخوازیی ڕابردوویەوە حوکمی بێکۆتایی بکات!

بەهێزترین کەس هەرگیز هێندە بەهێز نییە کە تا هەتایە سەردار بێت، مەگەر ئەوەی هێزەکەی بگۆڕێت بۆ ماف و، ملکەچیکردنی خەڵکیش بگۆڕێت بۆ ئەرک. بەڵام ئەم سەرۆکوەزیرانەی ئێمە، لەبری گەڕاندنەوەی ماف بۆ خەڵک، هێزەکەی گۆڕیوە بۆ دروستکردنی قەیرانی دەستکرد. ئەو و حیزبەکەی (پارتی) بەردەوام بیانوو دەهێننەوە و مەرجی قورس دەسەپێنن بەسەر لایەنەکانی تردا (بەتایبەت یەکێتی)، بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت پەک بخەن. ئەوان دەیانەوێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە تێیدا جەماوەرییان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو و ملیۆنان کەس بایکۆتیان کردبوو، بە دانوستانی ژوورە داخراوەکان پێچەوانە بکەنەوە و هەمان “کۆمپانیای حوکمڕانی”ی ڕابردوو دابمەزرێننەوە.

ئەم گاڵتەجاڕییە سیاسییە تەنها لەسەر حیسابی کەرامەت و قوتی هاووڵاتییان بەڕێوە دەچێت! ئەی ئەو زۆرینە بێدەنگەی کە بە نەچوونە سەر سندووقەکان یان دەنگدان بە لایەنی تر، شەرعییەتتان لەم مافیایانە سەندەوە؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەو توڕەییە بکەنە کردار! (مارتن لوتەر کینگ جونیۆر دەڵێت: گەورەترین کارەساتی ئەم سەردەمە، دەنگی بەرزی خراپەکاران نییە، بەڵکو بێدەنگیی ترسناکی مرۆڤە باشەکانە.”) هاوار بکەن بە ڕووی ئەم پڵنگە کاغەزییانەدا کە دەیانەوێت بە کابینەی بەسەرچوو و کورسیی دزراوەوە، کۆیلایەتیتان بەسەردا بسەپێنن. سەرۆکوەزیرانێک کە ئامادە نەبێت ڕێز لە ئیرادەی هەڵبژاردن و گۆڕانکاری بگرێت، شایەنی ئەوە نییە سەرکردایەتیی گوندێکیش بکات، چجای نەتەوەیەک!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 66 Today: 2,961 📊 Click Here