خوێندراوەتەوە: (1)

ئەنفال تەنها ناوێکی مێژوویی نییە کە لە ساڵڕۆژەکاندا بە چەند دروشمێکی بریقەدار یادی بکرێتەوە بەڵکو تراژیدیایەکی بەردەوامە کە هێشتا بە جەستەی نیشتمانەوە دەناڵێنێت و گەورەترین ناسۆری ئەم برینەش ئەوەیە کە جەلاد و قوربانی لەژێر یەک ئاسمانی ئەم وڵاتەدا دەژین بەو جیاوازییەی کە جەلادەکان دەستڕۆیشتووتر و خاوەن شکۆترن. کاتێک سوپای بەعس بەو هەموو دڕندەییەوە پەلاماری کوردستان و گوندە بێنازەکانی دا تەنها نەبوو چونکە سوپایەک لە زۆڵە کورد و جاش و مستەشارەکان وەک چاوساخ و ڕێپیشاندەر لە پێش تانک و تۆپەکانەوە بوون و کوناوقوژبنی چیاکانیان نیشانی دوژمن دەدا تا هیچ کۆرپەیەک لە بێشکەدا و هیچ پیرەژنێک لە پەنای دیوارێکدا لە چنگی مەرگ دەربازی نەبێت. ئەو خائینانەی کە دوێنێ کلیلی ماڵەکانیان دایە دەست ئەنفالچییەکان ئەمڕۆ لە جیاتی ئەوەی لە پشت زیندان بن یان لە سێدارە بدرێن لەژێر سێبەری دەسەڵاتی حیزبی و حکومیدا وەک پاشا دەژین و لە کەسوکاری قوربانییان دەستڕۆیشتووترن و بە پارە و نفووزی خۆیان ڕێگری لە هەر هەوڵێک دەکەن کە بیانباتە بەردەم مێزی دادگا.

ئەم واقیعە تاڵە بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی یەکێتی و پارتی کە لە پێناو بەرژەوەندیی حیزبی و ڕاکێشانی جاشەکان بۆ لای خۆیان پشتیان لە خوێنی ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێتاوان کرد و بوونە قەڵغان بۆ پاراستنی ئەنفالچییەکان لە سزای یاسایی. ئەم دەسەڵاتە نەک هەر لە سزادانی تاوانباران شکستی هێناوە بەڵکو لە ئاست هێنانەوەی ڕووفاتی پاکی ئازیزانمان لە بیابانەکاندا خەمسارد و بێباکە و ساڵانە تەنها بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی باسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەن لە کاتێکدا هێشتا ئێسکی هەزاران باوک و برا و منداڵی ئەم نەتەوەیە لەژێر خۆڵی غەریبی و بیابانەکاندا جێماوە و چاوەڕێی دەستێکی نیشتمانی دەکەن بییانگەڕێنێتەوە بۆ باوەشی نیشتمان.

بۆ ئەوەی ئەم خەیانەتە گەورەیە و ئەم کارەساتە نەتەوەییە لە بیرەوەریی مێژوودا ون نەبێت پێویستە وانەی ئەنفال بکرێتە بەشێکی بنەڕەتی لە هەموو ئاستەکانی خوێندن تا نەوەی تازە بزانن کێ نیشتمانی پاراست و کێش بووە چاوساخی داگیرکەر بۆ کۆمەڵکوژکردنی میللەتەکەی. نەوەی نوێ دەبێت فێری ئەوە بکرێت کە بێدەنگی لە بەرامبەر مانەوەی ئەنفالچییەکان لە پۆست و پێگەکاندا بەشێکە لە قبوڵکردنی زوڵم و خیانەت کردنە لەو دایکانەی هێشتا چاویان لە ڕێگای گەڕانەوەی تاقانەکانیانە. هەتا ئەو کاتەی دادپەروەری جێبەجێ نەکرێت و ڕووفاتەکان نەگەڕێنەوە و جاشەکان سزا نەدرێن ئەنفال وەک برینێکی زیندوو دەمێنێتەوە و هیچ دروشمێکی سیاسی ناتوانێت پەڵە ڕەشەکانی سەر تەوێڵی ئەو دەسەڵاتە بشواتەوە کە بکوژانی لە قوربانییەکان خۆشەویستتر کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 74 Today: 2,894 📊 Click Here