خوێندراوەتەوە: (1.4K)

کامەران عوسمان، ئەندامی رێكخراوی CPT ئەمریکی لە لاپەڕەی خۆی زانیاری سەبارەت بە گەڕانەوەی گوندنشینانی گوندەکانی زاخۆ بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت “لە دوای وێرانکردن و تاڵانکردنی ماڵەکانیان، سوپای تورکیا بە ٦ مەرج ڕێگا بە خەڵکی ٩ گوندی سنوی زاخۆ دەدات کە بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانییان”.

دوو شەممە، ٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦، کامەران عوسمان رایگەیاند “لە ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران و سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا، دوای فشاری زۆری گوندنشینان، سوپای تورکیا ڕێگەی بە دانیشتووانی گوندەکانی (بازنگیرا، گوندۆک، گەورک، کڕکڕانک، پەترۆمە، کەلۆک، مارسیس، ئەلانش و ئێرێ) لە گەلی پساغا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا کە بە شەش مەرج بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان”.

مەرجەکان بریتی بوون لە:

١- ڕۆژانە لە کاتژمێر ٦ی بەیانی بۆ ٧ی ئێوارە گوندنشینان دەتوانن بچنە گوندەکانیان و هیچ کەسێک بۆی نیە لە دوای ٧ی ئێوارە لە گونددا بمێنێتەوە.

٢- هیچ گوندنشینێک ڕێگە پێدراو نیە کە چەک و ئامێری بڕەڕی پێبێت. تەنانەت چەکی ڕاویش.

٣-گوندنشینان تەنیا دەتوانن خواردنی یەک ڕۆژ بەرن بۆ گوند و ڕێگە پێدراو نین خۆراکی زیاتر لە ڕۆژێکیان پێبێت.

٤- لە کاتی تێپەڕبوون بە بازگەی تورکیادا، ناسنامەی هەموو سەرنشینان وەردەگیرێت و ناو ناونیشان و زانیاری کەسییان تۆمار دەکرێت.

٥- شۆفێری ئۆتۆمبێل، بەرپرسیار دەکرێت لە گەڕانەوەی تەواوی سەر نشینان لە ئێوارەدا و لە ئەگەری نەگەڕانەوەی هەر سەر نشینێک، شۆفێر لەلایەن سەربازانی تورکەوە دەستگیردەکرێت.

٦- سەربازانی تورکیا لە تۆماری دیجیتاڵی دەزگا ئەمنییەکانیاندا، بۆ پاشخانی گوندنشینان دەگەڕێن کە ئەگەر تۆمەتباربن بە هاوکاریکردنی گەریلا لە ڕابردوودا، ئاوا دەستگیریان دەکەن.

هاوکات ئەو ئەندامەی رێکخراوی CPT دوو دیمەنیشی بڵاوکردوەتەوە و وتویەتی کە “ڤیدیۆکان، ئاسەواری شەڕن لەناو ماڵی گوندنشینانی گوندی (مارسیس) و سوپای تورکیا بۆردوومانی بەشێک لە ماڵەکانی کردووە و دوای داگیرکردنی گوندەکە، سەربازان کەلوپەل و ئامێری کارەبایی ناو ماڵەکانیان تاڵانکردووە”.

نزیکەی مانگێکە دانیشتووانی ٢١ گوندی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەوڵ دەدەن کە بگەڕێنەوە سەر گوندەکانی خۆیان کە زیاتر لە ٦ ساڵە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیاوە چۆڵیان کردووە.

ئۆپراسیۆنی تورکیا لە باشوری کوردستان

زاخۆ

داگیرکردنی کوردستان

CPT

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 36 Today: 1,731 📊 Click Here