خوێندراوەتەوە: (1.4K)

محمد زیاد عەزیز

وەک زیندانییەک کە دوای ساڵانێک لە هەوڵدان بۆ شکانندی دیوارەکانی ژوورەکەی، ئیتر واز لە لێدانی دیوارەکە دەهێنێت و لە گۆشەیەکدا دادەنیشێت، نەک لەبەر ئەوەی ژوورەکەی خۆش دەوێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی هێزی لە جەستەیدا نەماوە و ئومێدی بە دەرەوە نەماوە؛ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش ڕێک گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە. ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقام و ماڵەکانی کوردستاندا دەگوزەرێت، ئیتر تەنها قەیرانێکی سیاسی یان ئابووری نییە کە بە گۆڕینی وەزیرێک یان پێدانی مووچەیەک چارەسەر بێت؛ ئەمە قەیرانێکی دەروونیی قووڵە کە ڕاستەوخۆ خزاوەتە ناو زمانی ڕۆژانە و جەستەی کۆمەڵگاوە. کاتێک گوێ لە گفتوگۆی گەنجێک یان باوکێک دەگریت، وشەکانی “بێهیوایی”، “بێسوودە”، و “هیچ ناگۆڕێت” بوونەتە پێشەکیی هەموو ڕستەکانیان. ئەمە تەنها گلەیی نییە، بەڵکو نیشانەی داڕمانی ئەو وەرگرە دەروونییانەیە کە مرۆڤ بۆ مانەوەی خۆی پێویستی پێیەتی.

ئەم وێرانکارییە دەروونییە بە ژمارە سەلمێنراوە. لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان و داتا فەرمییەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی هاوڵاتییان بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن، و ڕێژەی خۆکوشتن تەنها لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی لەسەدا ٤٠ بەرزبووەتەوە. هۆکارەکەشی ڕوونە؛ کاتێک مرۆڤێک ڕۆژانە ڕووبەڕووی بڕینی مووچە، نەبوونی کارەبا، ترسی شەڕی هەرێمی (وەک موشەکەکانی ئێران)، و داگیرکردنی سامانی وڵاتەکەی دەبێتەوە لەلایەن نوخبەیەکی بێباکەوە، ئیتر مێشکی ناتوانێت بەرگەی ئەو هەموو زەبرە بگرێت. تەنانەت دامەزراوە تەندروستییەکانی حکومەتیش ناچار بوون هێڵی گەرم بکەنەوە بۆ منداڵان و هەرزەکاران، چونکە نەوەی نوێ پێش ئەوەی پێ بگات، لەژێر باری خەمۆکی و سترێسدا خەریکە دەشکێتەوە.

“کاتێک نەتەوەیەک لەژێر ستەمێکی بەردەوامدا دەژی، ستەمەکە تەنها خاکی داگیر ناکات، بەڵکو دەچێتە ناو مێشکی داگیرکراوەکانەوە و باوەڕیان پێدەهێنێت کە ئەوان شایەنی هیچ شتێکی باشتر نین”) ئەمەش ڕێک هەمان ئەو واقیعەیە کە لە زیمبابۆی سەردەمی قەیرانە گەورەکەدا ڕوویدا، کاتێک خەڵک لەبری شۆڕشکردن دژی دیکتاتۆر، تووشی خەمۆکییەکی بەکۆمەڵ  بوون و زمانی ڕۆژانەیان بووە زمانی تەسلیمبوون بە قەدەر. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە کوردستان، لەم ڕووەوە زۆر زیرەکترن؛ ئەوان بەئەنقەست ئەم دۆخە دەروونییەیان خولقاندووە. ئەوان دەیانەوێت خەڵک هێندە لە خەمی بژێوی و مانەوەی ڕۆژانەیدا بێت، کە هێزی ئەوەی نەمێنێت بیر لە مافی سیاسی و لێپرسینەوە بکاتەوە. کاتێک گەنجێک دەڵێت “ئەوان گوێمان لێ دەگرن بەڵام گوێمان بۆ شل ناکەن” ، ئەمە دەرەنجامی ئەو تەماشاگەرییە مەدەنییەیە کە تێیدا حکومەت خۆی وا پیشان دەدات کە خەمی خەڵکیەتی، بەڵام لە واقیعدا خەریکی چەتەگەرییەکی ڕێکخراوە و دەیەوێت خەڵکەکە لە ناوەوە بکوژێت پێش ئەوەی پێویست بکات زیندانییان بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 106 Today: 1,443 📊 Click Here