مارف خدر نوری
وەک دوو شۆفێر کە لەسەر پردێکی تەسک بەرامبەر یەکتر وەستاون و هیچیان ئامادە نین ڕێگا بەوی دیکە بدەن، تەنانەت ئەگەر پردەکەش لەژێر قاچی هەردوکییاندا بڕمێت؛ پارتی و یەکێتی بەمجۆرە ئیدارەی چارەنووسی ئەم هەرێمە دەدەن. کاتێک هاوڵاتییەکی ئاسایی دەچێتە فەرمانگەیەک و پێی دەوترێت “کارەکەت ڕاگیراوە چونکە حکومەت کارناکات”، یان کاتێک گەنجێک بە دەستی بەتاڵ لە بازاڕ دەگەڕێتەوە چونکە جوڵەی بازرگانی بەهۆی نادیاریی سیاسییەوە وەستاوە، ئێمە درک بەوە دەکەین کە ئەمە تەنها قەیرانی پێکهێنانی کابینە نییە، بەڵکو ئیفلیجکردنی بەئەنقەستی کۆمەڵگایەکە. ئەم دوو حیزبە، دوای هەشت مانگ لە هەڵبژاردن، هێشتا نەیانتوانیوە حکومەتێک پێکبهێنن، چونکە کێشەکەیان لەسەر خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو لەسەر دابەشکردنی غەنیمەت و پۆستەکانە.
ئەمە ئەو دۆخەیە کە حیزب، دەوڵەتی قوتداوە و دامەزراوەکانی کردووەتە بارمتەی میزاجی سەرکردەکانی.
(وەک چۆن ئەنتۆنیۆ گرامشی دەڵێت: “کۆنەکان خەریکە دەمرن، بەڵام نوێیەکە ناتوانێت لەدایک بێت؛ لەم بۆشاییەشدایە کە دڕندەکان دەردەکەون”) — ئەمەش هەمان ئەو قەیرانەیە کە لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینای پاش جەنگ ڕوویدا، کاتێک سەرکردە نەتەوەییەکان نەیانتوانی لەسەر دەسەڵات ڕێکبکەون، بۆیە وڵاتەکەیان خستە ناو بەستەڵەکێکی سیاسییەوە کە تێیدا گەشەی ئابووری وەستا و گەنجەکانیان کۆچیان کرد. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە جیاتی ئەوەی وانە لە مێژوو وەربگرن، دەیانەوێت هەمان مۆدێلی شکستخواردوو بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن، تەنانەت گەیشتوونەتە ئاستێک کە لە بەغداش ناتوانن لەسەر یەک کاندید ڕێکبکەون و پرۆسەی سیاسی عێراقیشیان پەکخستووە.
ئەم منداڵە لوسکانەی سیاسەت، کە لەسەر شاشەکان بانگەشەی یەکڕیزی دەکەن و لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی هەڵکەندنی چاڵی یەکترن، هیچ باکیان بەو زەلکاوە نییە کە دروستیان کردووە. ئەوان کاتێک دێتە سەر دابەشکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و پۆستە باڵاکان، دەبنە دوژمنی سەرسەخت ، بەڵام کاتێک دێتە سەر باج سەپاندن و سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد، یەکدەگرن. ئەم چەتەگەرییە سیاسییە وایکردووە کە نە وەزیری پێشمەرگە بتوانێت دەوام بکات و نە پرۆژەیەکی نوێ جێبەجێ بکرێت ، تەنها لەبەر ئەوەی چەند کەسێک ناتوانن لەسەر پشکی خۆیان لە کێکی دەسەڵات ڕێکبکەون.
ئەی گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ، کە بڕوانامەکانتان لەژێر باڵتاندا شاردووەتەوە و سەیری داهاتوویەکی تاریک دەکەن؛ ئەم حیزبانە لە بێهیوایی ئێوە دەترسن، چونکە دەزانن ئەگەر ئێوە هیواتان بۆ بگەڕێتەوە، یەکەم کاریتان تێکدانی ئەم شانۆگەرییە دەبێت. ئەوان حکومەت پێکناهێنن چونکە لای ئەوان حکومەت ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردن، نەک بۆ خزمەتکردن. سیستەمێک کە نەتوانێت لە کاتی خۆیدا خۆی نوێ بکاتەوە و ژیانی خەڵک ڕابگرێت بۆ خاتری چەند پۆستێک، شایەنی مانەوە نییە — و تەنها هاواری بێزاربوونی ئێوەیە کە دەتوانێت ئەم بەستەڵەکە بشکێنێت!
