اسماعیل عبداللە سعداللە
کەشتییەک بهێنە پێش چاوت کە تێیدا کاپتنەکە بەلەمەکانی ڕزگاربوون بە قاچاخ دەفرۆشێت و ئەو دەریاوانانەش فڕێدەداتە ناو دەریاکەوە کە پەنجە بۆ تاوانبارانى ناو کەشتییەکە ڕادەکێشن ! ئەمڕۆ نیشتمانی ئێمە لەسەر دەستی ئەم نوخبە تاڵانچییە بووەتە هەمان ئەو کەشتییە نقومبووە، کە تێیدا ئاشکراکردنی حەقیقەت باجەکەی زیندانە و بەرگریکردن لە کەرامەتیش بە مانگرتن لە خواردن دەدرێت !
کاتێک جەستەیەک لە ناو چوار دیواری زیندانە تاریکەکاندا بڕیار دەدات ببێتە قەڵغانێک دژی ستەمکاری، ئەوە تەنها مانگرتنێکی سادە نییە لە خواردن، بەڵکو ڕاگەیاندنی مەرگی ئەخلاقیی ئەو دادگا کارتۆنییانەیە کە بە فەرمانی حیزب دەجوڵێنەوە ! شێروان شێروانی بە گەدەی خاڵییەوە دادگایی سیستەمێک دەکات کە لەسەر بنەمای پەڕاوی دروستکراو و دادوەرەکانی سێبەر دامەزراوە، سیستەمێک کە لە وشەیەک زیاتر دەترسێت تا لە لەدەستدانی نیوەی خاکی نیشتمان !
پێموایە کە : “ئەو خاڵەی کە بێدەسەڵاتی تێیدا کۆتایی دێت، هەمان ئەو خاڵەیە کە بەرگری تێیدا دەست پێدەکات” ! ئەمە هەمان ئەو ڕێچکەیەیە کە زیندانیانی سیاسی لە سەردەمی سۆڤیەتدا دەیانگرتەبەر، کاتێک لە بەرامبەر دڕندەیی دەزگا ئەمنییەکاندا، تەنها جەستەی خۆیان وەک دوایین سەنگەری بەرگری دەمایەوە ! ئەمڕۆش لە هەرێمی کوردستاندا، زیندانیانی ویژدان بە هەمان شێوە جەستەی خۆیان دەکەنە چەکێک دژی تیرۆری دەروونی و ئەو دادگایانەی کە بڕیارەکانیان پێشتر لە مەکتەبی سیاسیی حیزبەکانەوە مۆر کراون !
بێگومان، هەر ڕۆژێک کە بەسەر ئەم مانگرتنەدا تێدەپەڕێت، دیوارێکی تری متمانەی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات دەڕووخێت و دەمامکی حوکمی خێزانی زیاتر دادەدڕێت ! خەڵک دەبینن چۆن دەسەڵاتێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی حیزب و شاردنەوەی نەوتی دزراو، ئامادەیە گیانی هاوڵاتییەک بخاتە مەترسییەوە، ئەمەش وایکردووە ئیتر هیچ کەسێک بڕوا بە درۆی سەروەریی یاسا نەکات ! بێدەنگیی ئێستای شەقامیش، بێدەنگیی ڕازیبوون نییە، بەڵکو ئامادەکارییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی کە دەسەڵات خۆی مەرجەکانی پێشێل کردووە !
ئەی ئەو قەڵەمانەی هێشتا نەفرۆشراون و ئەو چالاکوانانەی لە تارمایی زیندانەکان دەترسن، بزانن کە مانگرتنی شێروان نامەیەکە بۆ بێداربوونەوەی ئێوە ! کاتی ئەوە هاتووە لەوە تێبگەین کە ئومێدخواستن بە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتێک کە لە گەدەی خاڵیی زیندانییەک دەترسێت، تەنها بەشداریکردنە لە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو ستەمکارییە ! با ئەم ئیرادە پۆڵایینەی زیندانیان ببێتە تروسکاییەک بۆ ڕێکخستنەوەی تووڕەییمان، چونکە ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکە زۆر باش دەزانێت کە ڕووخانی کۆشکەکانیان تەنها چاوەڕێی یەک هەنگاوی ئازایانەی ئێوەیە !
