محمد ڕەمەزان عەلى
قەیرانی مووچە لە هەرێمی کوردستان، جۆرێکە لە بەڕێوەبردنی ئابووریی وڵاتێک کە تێیدا دەسەڵاتداران شایستە داراییەکانی خەڵک دەکەنە ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆیان و پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان. زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان کاتێک تووشی قەیرانی دارایی دەبن، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی چاکسازیی ڕیشەیی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتەوە قەیرانەکە تێپەڕێنن. بەڵام لە بەشێکی دیکەی وڵاتان و ناوچەکاندا، وەک کوردستانی خۆمان، قەیرانەکە دەکرێتە دۆخێکی هەمیشەیی، بەبێ ئەوەی هیچ ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ کۆتاییهێنان پێی.
لە کۆمەڵگا حیزبییەکاندا ئەم دیاردەیە لە قۆناغە جیاکاندا هەبووە و تا ئێستاش بەردەوامە. بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کاتێک هەرێمی کوردستان بڕیاری “ئابووریی سەربەخۆ”ی دا و دەستی بە فرۆشتنی نەوت کرد بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، بنەماکانی ئەم قەیرانە درێژخایەنە داڕێژران. دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی، بە هۆکاری مێژوویی و قۆرخکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و نەوت، بوونەتە تاکە خاوەنداری ئابووریی هەرێم، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە ئایا ئەم سیاسەتە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی تێدایە یان نا. هەرچەندە ئەوان بەردەوام بانگەشەی بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری دەکەن، بەڵام بێ ئەو بانگەشانەش هەر هەمان دۆخی ئێستایان دروست دەکرد، چونکە ئەو سەرکردە حیزبییانە بە درێژایی تەمەنیان باوەڕیان بە سیستەمی شەفافیەت نەبووە، بەڵکوو لایان گرنگ بووە داهات لە دەستێکی ئەمین و گوێڕایەڵدا بمێنێتەوە کە هەر کۆمپانیاکانی خۆیان بووە، و زەمینەیان بۆ ئەم ئابوورییە سێبەرە خۆش کردووە.
هەر لە قۆناغەکانی سەرەتای قەیرانەکەوە، لەگەڵ بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن نوری مالیکییەوە، دەسەڵاتدارانی کورد متمانەیان بە چارەسەری دەستووری نەما، لەو ساتەوەش بایەخی سەرەکی بۆ ئەوان ئەوە بوو کە چۆن پارەی فرۆشراوی نەوت بخەنە خزمەتی حیزبەوە، نەک دابەشکردنی مووچە. ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەیبینین، لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردوودا، فەرمانبەرانی هەرێم بە دەیان مانگ مووچەیان پێنەدراوە، یان لێبڕینیان تێدا کراوە، و پلەبەرزکردنەوەشیان ڕاگیراوە. ئێستاش کە نەوتی هەرێم ڕاگیراوە، ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی داهاتی ناوخۆ و باجەکان بکرێنە جێگرەوەی تاڵانکارییەکەی پێشوو، بەبێ ئەوەی یەک دینار بۆ خزمەتی گشتی بگەڕێتەوە.
لە بەرامبەریشدا بەغدامان هەیە، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی گوشارەکانی حکومەتی فیدراڵی دژ بە هەرێم، پرسی ڕادەستنەکردنی داهاتی ناوخۆ و ناڕوونیی لیستی فەرمانبەرانە. کە ئەوکات و تا دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش، بەغدا بەردەوام دەیوت نابێت مووچە بنێرێت ئەگەر هەرێم داهاتەکەی ڕادەست نەکات. بەڵام دوای چەندین ڕێککەوتن، پرسی بەکارهێنانی مووچە وەک چەکێکی سیاسی بەخەستی سەری هەڵدا. حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرەڕای بڕیارەکانی دادگا کە دەڵێت دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم جیا بکرێتەوە لە ململانێ سیاسییەکان، هەر زوو دەستیکرد بە دواخستن و بڕینی بەشێک لە مووچەکان. هەر بۆیە بەغدا، مووچەی هەرێم وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و سەپاندنی مەرجەکانی خۆی، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەرانی ناوەڕاست و باشوور لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت !
ئێستاش هەردوو دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا، بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان و سەپاندنی مەرجەکانیان، یاسا و دەستوور و ژیانی ملیۆنان فەرمانبەریان خستووەتە ژێرپێیانەوە. بەغدا بیانوو بە لیستی مووچە و داهاتی ناوخۆ دەگرێت، و هەرێمیش داهاتەکان ڕادەست ناکات و ئامادە نییە شەفاف بێت. لەم نێوەندەشدا، هەردوو لا پارە و ڕاگەیاندنیان لایە، و بە یەکجاری ژیانی فەرمانبەری کوردیان کردووەتە قوربانیی ململانێیەکی بێکۆتایی و وەک کەرەستەیەکی کاتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکانیان بەکاری دەهێنن
