خوێندراوەتەوە: (1.6K)

لە هەرێمێکدا کە “یاسا” تەنها مەرەکەبێکی سەر کاغەزە و “دادگا”ش دیوەخانی بەرپرسانە، قسەکردن لەسەر خوێنی (کاوە گەرمیانی) تەنها گەڕانەوە نییە بۆ ساڵی ٢٠١٣، بەڵکو هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی دەسەڵاتێکە کە لە وشە دەترسێت و بە گرتن و کوشتن وەڵامی ڕەخنە دەداتەوە.

کاوە گەرمیانی، ئەو دەنگە دلێرەی کە نە دەمانچەی لە کەمەری بەستبوو، نە پاسەوانی هەبوو، تەنها بە چەکێک شەڕی دەکرد کە لە هەموو جبەخانەکانی ئەوان بەهێزتر بوو: “چەکی وشە و ڕاستگۆیی”. ئێوە، ئەی دەسەڵاتدارانی خۆسەپێن، کاتێک نەتانەتوانی بە پارە بێدەنگی بکەن، کاتێک نەتانەتوانی بە هەڕەشە چۆکی پێ دابدەن، پەناتان بردە بەر ترسنۆکترین ڕێگا؛ تیرۆرکردن لەبەردەم کەسوکوکاریدا . ئەمە لوتکەی ترسنۆکییە، ئەمە بەڵگەی پووکانەوەی ئەخلاقی سیاسییە کە مرۆڤێک تەنها لەسەر ئەوەی پێی گوتوون “دز و جەردە”، گولـلەبارانی بکەن.

شەرمە بۆ دەسەڵاتێک کە خۆی بە خاوەنی ئەزموون و حکومڕانی دەزانێت، کەچی وڵات بە عەقڵیەتی “ئاغا و دەرەبەگ” و بە دەستی کۆمەڵێک “نەخوێندەوار” بەڕێوە دەبات. ئێوە وڵاتێکتان لەبەردەستە کە خاکەکەی زێڕە و ژێرەکەی نەوتە، بەڵام هاووڵاتییەکەی برسی و بێکارە. داهاتی ئەم وڵاتە دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا حزبییەکان و ژێرزەمینی مەسئولەکان، لەکاتێکدا گەنجی ئەم نیشتمانە لە دەریای ئیجەدا دەخنکێت یان لە نۆرەی موچەدا پیر دەبێت.

تا ئەمڕۆ بکوژانی کاوە گەرمیانی و سەردەشت و سۆرانی مامە حەمە ئازادانە دەسوڕێنەوە، چونکە بکوژ و دادوەر و جەلاد هەمووی یەکن. ئێوە شانازی بەوەوە دەکەن کە هێزی چەکدار و ئاساییش و دژەتیرۆرتان هەیە، بەڵام ئەم هێزانە لەجیاتی پاراستنی خەڵک، بوونەتە داردەستی پاراستنی کورسییەکانتان. ڕووداوەکانی (کۆرمۆر و لالەجان) و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران بە چەکی دەوڵەت، شاهیدی ئەو ڕاستییەن کە ئێوە ئامادەن بۆ مانەوەی خۆتان، خوێنی هاووڵاتی خۆتان حەڵاڵ بکەن.

لەم جەنگ و فەرتەنەیەدا، کە دەنگی فیشەک لای ئێوە بووەتە “سەمفۆنیا”ی بەردەوام و ئاوازی مەرگ دەژەنن، سەیرە کە هێشتا ئەم دەسەڵاتە پڕچەک و خۆسەپێنە، “فۆبیا”ی لە وشە و ڕای ئازاد هەیە! یەکێتی و پارتی خاوەنی دەیان هەزار چەکدارن، خاوەنی ملیارەها دۆلارن، کەچی لە ڕستەیەک دەترسن! لە ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسێک دەلەرزن! ئەمە نیشانەی هێز نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە بنکەی کورسییەکانتان لەسەر “درۆ” بنیات نراوە و بە “ڕاستی” دەڕوخێت.

مێژوو ڕەحم بە دز و بکوژ ناکات. کاوە گەرمیانی جەستەی کوژرا، بەڵام ڕۆحی بووەتە مۆتەکەی شەوانی ئێوە. ئێوە پێتانوایە بە کوشتنی دەنگە ئازادەکان کۆتایی بە ڕەخنە دێت؟ نەخێر، هەر فیشەکێک کە دەینێن بە سنگی ئازادیخوازێکەوە، هەزاران دەنگی ناڕازی تر لەدایک دەبن.

ئەمڕۆ یان سبەی، دادگای گەل دادەمەزرێت. ئەو ڕۆژە نە پارە دزراوەکانتان، نە چەکدارەکانتان، نە عەقڵیەتی دەرەبەگایەتیتان فریاتان ناکەوێت. کاوە گەرمیانی لە گۆڕەکەیدا ئاسوودەیە چونکە سەری بۆ دز دانەنەواند، بەڵام ئێوە جەلادەکانی یەکێتی و پارتی تا ئەبەد وەک جەلاد بکوژ و “پارێزەری گەندەڵکاران” لە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا دەمێننەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 33 Today: 132 📊 Click Here