بەڵێن سەلیم محمد
لە ڕووداوێکدا کە لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا هاوشێوەی نەبووە، حکومەت لە شەوێکدا پارێزبەندیی لە ١٢ پەرلەمانتار سەندەوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دەستگیریان بکات و بیانخاتە ناو ئەو کاروانە ٤٧ کەسییەی کە بەرەو زیندان دەبران. لە ڕواڵەتدا، ئەمە هەنگاوێکی ئازایانە و داستانێکی گەورەی دیموکراسییە کە گوایە “هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە”، بەڵام ئەگەر تۆزێک قووڵتر بڕوانینە ئەم دیمەنە کۆمیدییە، دەبینین ئەمە سەرکەوتنی یاسا نییە، بەڵکو گەورەترین و شەرمهێنەرترین دانپیادانانە بەوەی کە پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەیەکی درێژ گەورەترین بازاڕی شاردنەوەی تاوانباران بووە! کاتێک پارێزبەندی، کە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دیزاین کراوە نوێنەرانی گەل بەبێ ترس بتوانن قسە بکەن و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکەن ، دەگۆڕێت بۆ دیوارێکی پۆڵایین بۆ داپۆشینی ئەو کەسانەی کە ملیاران دیناری خەڵک تاڵان دەکەن، ئیتر بۆمان دەردەکەوێت کە دامەزراوەی یاسادانان لەم وڵاتەدا چۆن ئیفلیج کراوە و لە خشتە براوە. جێگەی سەرسوڕمانە کە دادگاکان دەبێت چاوەڕێ بکەن تا حیزبەکان لەسەر مێزی گفتوگۆی ژوورە تاریکەکان ڕێکدەکەون بۆ لادانی ئەو قەڵغانە، بۆ ئەوەی دواتر بتوانن یاسا بەسەر دزێکدا جێبەجێ بکەن! ئایا یاسا دەبێت مۆڵەت لە حیزب وەربگرێت بۆ گرتنی نوێنەرێک کە بووەتە خاوەنی دەیان کۆشک و ملیۆنان دۆلار؟
ئەم سەندنەوەی پارێزبەندییە لە ١٢ پەرلەمانتار، پێمان ناڵێت کە سیستەمەکە لەناکاو چاک بووە یان دەسەڵات ویژدانی جووڵاوە، بەڵکو زۆر بە سادەیی پێمان دەڵێت کە ئەم کەسانە ئیتر لە “بازاڕی ڕەش”ی سیاسەتدا نرخیان نەماوە و حیزبەکانیان ئامادە نین چیتر باجی مانەوەیان بدەن و وەک قوربانییەک پێشکەشی شەقامیان کردوون. ئەگەر پارێزبەندی قەڵغانێکی ڕاستەقینەی دیموکراسی بووایە، ئەوا دەبوو بۆ پاراستنی بیروڕا و قسەی حەق بەکاربهێنرایە، نەک بۆ پاراستنی سەنەدی تاپۆی کۆشکەکان و قاسەی پڕ لە دۆلاری شاراوەی ناو ژوورەکانی نووستن. لادانی ئەم قەڵغانە لەم ساتەدا تەنها بەشێکە لە شانۆگەرییەکی سیاسی کە تێیدا دەسەڵات دەیەوێت بە خەڵک بڵێت “سەیر بکەن ئێمە چەندە بەهێزین”، لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا تەنها خەریکی پاکتاوکردنی ئەو ئەکتەرانەیە کە لە حەوزە گەورەکەی گەندەڵیدا جێگەیان نەماوە و وادەی بەسەرچوونیان هاتووە. تا ئەو کاتەی پارێزبەندیی پەرلەمانی لە مۆڵەتێکی کراوە بۆ دزیکردنەوە نەگۆڕێت بۆ تەنها مافێک بۆ دەربڕینی بیروڕا، بینینی پەرلەمانتارێکی کەلەپچەکراو لەسەر شاشەکان تەنها وەهمێکی کاتییە، و سبەی دەبینین ١٢ کەسی تر دێنە سەر هەمان کورسییەکان و بە هەمان قەڵغانەوە، بەڵام بە شێوازێکی زۆر زیرەکانەتر، دەست دەکەنەوە بە تاڵانکردنی وڵات.
