خوێندراوەتەوە: (8.8K)

محمد عەبدوڵا عومەر

بەڕێوەبردنی نیشتمانێک لەژێر سێبەری درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان و گیرفانی بەتاڵی خەڵکدا، حوکمڕانی نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی کارەساتێکی بەردەوامە! ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەنێوان دوو بەرداشی کوشندەدا دەهاڕدرێت؛ لەلایەک ئاسمانی وڵات بووەتە تاقیگەی کراوەی درۆنەکانی میلیشیاکان و وڵاتانی دراوسێ کە نەوت، بنکەکان و تەنانەت کەمپی پەنابەرانیش دەکەنە ئامانج ، و لەلایەکی تریشەوە زەویی نیشتمان پڕ بووە لە قەیرانی مووچە، بێکاری و داڕمانی دامەزراوەکان. ئەمە شکستی دووفاقی ئەو دەسەڵاتە فەنتەڵۆسەیە کە لە کاتی هەڵبژاردندا بانگەشەی “کوردستانێکی بەهێز”ی دەکرد، کەچی ئێستا نە دەتوانێت خاکی خەڵک بپارێزێت و نە دەتوانێت نانی منداڵەکانیان دابین بکات!
پەنابردن بۆ پاساوی “فشاری دەرەکی” بۆ شاردنەوەی دزی و گەندەڵیی ناوخۆیی، قێزەوترین فێڵی سیاسییە کە دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار بەکاری دەهێنن! ڕاستە بەغدا و میلیشیاکان بە ئەنقەست هێرشی درۆنی دەکەنە سەر هەولێر و ناوچەکانی تر بۆ ئەوەی هەرێم لاواز بکەن ، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا درۆنەکانیش هۆکارن بۆ ئەوەی کێشەی قۆرخکاریی خێزانی، پەکخستنی پەرلەمان و نەبوونی شەفافیەت لە داهاتی خاڵە سنوورییەکاندا هەبێت ؟ نەخێر! قەیرانی مووچە و برسیکردنی خەڵک تەنها فشارێکی بەغدا نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسیی دەسەڵاتی ناوخۆیە بۆ ئەوەی هاوڵاتی لە داواکردنی مافەکانی سارد بکاتەوە و تەنها بیر لە پاروویەک نان بکاتەوە. ئەم منداڵە لوسکە و خاڵۆژن و پورانەی دەسەڵات، قەیرانی دەرەکی وەک قەڵغانێک بەکاردەهێنن تا تاڵانکارییەکانی خۆیانی پێ دابپۆشن.
کاتێک دەوڵەت ناتوانێت ئاسمانەکەی بپارێزێت و زەوییەکەشی برسی دەکات، ئیتر نیشتمان دەبێتە زیندانێکی گەورە کە تەنها دزەکان تێیدا ئازادن گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەر نەتەوەیەک ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی هێندەی دوژمنەکانی دەرەوە، خەریکی وێرانکردنی ژێرخانی ئەخلاقی و ئابووریی کۆمەڵگاکەیان بن. ئەمڕۆ لە کوردستاندا، دەسەڵاتی کوردی و دوژمنانی دەرەکی لە خاڵێکدا یەکدەگرنەوە: هەردووکیان دەیانەوێت ئیرادەی ئەم میللەتە بشکێنن. حکومەتێک کە لەبری بونیادنانی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی درۆنەکان، خەریکی شەڕەچەقۆی نێوان دوو حیزب بێت لەسەر دابەشکردنی پۆست و پارە، ناتوانێت هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی خۆی بهێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 39 Today: 298 📊 Click Here