ڕۆژنامەنووسێک لە گروپی ڕا، زانیاری لەسەر هۆکاری دروستبوونی لافاوەکەی چەمچەماڵ بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت ” ئەگەر بەپەلە ڕێڕەوی ئاوەکان چاک نەکرێنەوە هەمان کارەسات لە زستان و بەهار ڕوودەداتەوە و پێویستە بەزوویی لێپرسینەوە بکرێت”.
وریا عەبدول خالق، ڕۆژنامەنووس لە گروپی ڕا، ڕۆژی ١١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، سەبارەت بە ڕوداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ زانیاری لەسەر هۆکاری دروست بوونی لافاوەکە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند “لافاوەکەی ڕۆژی ۹ی ئەم مانگەی چەمچەماڵ هۆکارەکەی شێواندنی سروشت و تێکدانی ڕێڕەوی سروشتی ئاو بوو و بۆ یەکەمجار لافاو پێچەوانەی واقیع و سروشت سێ بەرزترین گەڕەکی چەمچەماڵی گرتەوە و ئاوی هاتوو بۆ ئەو گەڕەکانە لە سەرەوە نەهاتووە بەڵکو لەلاوە هاتوە”.
ئەو ڕۆژنامەنووسە هۆکارە سەرەکیەکان دەگێڕێتەوە بۆ “دروستکردنی خەندەق و بەربەست بەڕووی ڕێڕەوی سروشتی ئاودا، وەبەرهێنەرێک ۹۰۰ مەتر خەندەق و بەربەستی دروست کردوە، لەکۆی چوار شیوی سروشتی کۆتای بە سێ شیو هێنراوە، زیادەڕۆی و پڕکردنەوەی ڕێڕەوی ئاو کارەساتەکەی گەورەتر کرد”.
لە کۆتاییدا وریا عەبدول خالق داوادەکات “بەهیوام ڕاستیەکان نەشێوێنرێن و لێکۆڵینەوەیەکی هەمە لایەن بکرێت و بەپەلە چارەسەری ئەو دۆخە بکرێت و سزای ئەوانە بدرێت کە هۆکارن و مانەوەی دۆخی ئێستا مەترسیەکی گەورەیە لە زستان و بەهاری ئەمساڵ”.
٩ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتەوە لە ئەنجامدا لە چەند ناوچەیەک لافاو دروست بوو، تا ئێستا پێنج هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە کە دوانیان لە چەمچەماڵ بوە.
لافاو
چەمچەماڵ
