پەیوەند حەمە ئەمین – چالاکوان
ئەگەر بەوردی سەیری بارودۆخی هەرێمی کوردستان بکەین، ڕکابەرییەکی توند هەیە لە نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی کارە خراپەکان لە جیاتی ئەنجامدانی کاری باش بۆ خەڵکی هەرێم، کردارە خراپەکانیشیان چەندین کاری جۆراوجۆرن لەوانەش وەک کوشتن و سەرکوتکردنی ڕۆڵەکانی کورد، هەروەها وەک ترساندنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان، وە لەلایەکی دیکەوە بەکارهێنانی چەک و هێزی چەکداری دژی خەڵکی بێتاوان.
پارتی لە هەولێر و دهۆک و ناوچەکانی دیکە بە سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان تۆمەتبار دەکرێت، هەروەها ڕووداوەکانی گوندەکانی هەرکی و لاجان پرسیاری زۆر دروست دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، ڕووداوەکانی پەیوەست بە یەکێتی، وەک سووتاندنی هۆتێلی لالەزار و بەکارهێنانی چەک و هێز، پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی ڕوون و دادپەروەرانە هەیە.
بەڵام کاتێک گەل داوای مووچەی خۆی دەکات، کاتێک مامۆستا و کرێکار و فەرمانبەر داوای مافی ڕەوای خۆی دەکەن، ئەم ڕکابەرییە لە کوێیە؟ بۆچی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک، بەرامبەریان دەوەستنەوە و سەرکوتیان دەکەن، هەروەها بۆ کارە خراپەکان ڕکابەری دەکەن لە جیاتی خزمەتکردنی میللەت!
لێرەدا ئەو پرسیارەی کە لەلای هەموو لایەک دێتە بوون بریتییە لەوەی: پارتی و یەکێتی ئەگەر لە کوشتن و سەرکوتکردندا ڕکابەری یەکترن، بۆچی لە خزمەتکردنی گەلدا ڕکابەر نین؟
