مەولود حەسەن مەحموود
گەورەترین دەستکەوتی حکومەتێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، لەبری پاکسازیی دامەزراوەکان، دروستکردنی مەدالیا و بەخشینی خەڵاتی دەستپاکی بێت؟ لە وڵاتێکدا کە دەیان دۆسێی گەندەڵی بە کراوەیی دەمێننەوە، بەخشینی خەڵاتی نێودەوڵەتی یان ناوخۆیی بۆ دەستپاکی بە بەرپرسانی وەزارەتەکان، پرسیاری جدی لەسەر سروشت و ئامانجی ئەم جۆرە ڕێزلێنانە دروست دەکات.
ئایا ئەم خەڵاتانە بەپێی پێوەرێکی دەستنیشانکراو و سەلمێنراوی دارایی دەبڕدرێن، یان تەنیا ئامرازێکن بۆ داپۆشینی ڕوخساری راستەقینەی سیستەمێک کە ڕۆژانە سامانی گشتی تێدا بەهەدەر دەچێت؟ کاتێک سیستمی دارایی و کارگێڕیی وڵاتێک بەدەست نەبوونی شەفافیەتەوە دەناڵێنێت، خەڵاتکردنی تاکەکان ناتوانێت ببێتە بەڵگە بۆ بوونی چاکسازیی پێکهاتەیی؛ بەڵکو زیاتر لە هەوڵێک دەچێت بۆ دروستکردنی وێنەیەکی درۆینەی چاکسازی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ڕای گشتیدا. وەک تەنزێکی تاڵ لەسەر ئەم جیاوازییە قووڵەی نێوان واقیع و ڕیکلام دەبێت بڵێین: “عێراق دەتوانێت مەدالیایەک بۆ دەستپاکی دروست بکات زۆر خێراتر لەوەی بتوانێت دامەزراوەیەکی دوور لە گەندەڵی بونیاد بنێت!” خەڵات و نازناوەکان کاتێک بەهان، کە لەسەر زەمینی واقیعدا ئەنجامی داراییی ڕوون،
هەڵسەنگێندراو و چاودێریکراویان لەسەر بێت؛ چونکە دەستپاکی لە ڕێگەی داراییی گشتیی پارێزراو و چاکسازیی سیستمییەوە دەسەلمێنرێت، نەک بە هەڵواسینی مەدالیا لەسەر سنگ و ڕازاندنەوەی دیواری نوسینگەی بەرپرسان.
