خوێندراوەتەوە: (1)

بەڵێن جەمال بابەکر

کێشەی جەوهەریی عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا لە گەندەڵی، کەموکوڕیی ئابووری، یان هەژموونی دەرەکیدا کورتبوونەوە نایەت، بەڵکو لە دیاردەیەکی زۆر مەترسیدارتردا بەرجەستە دەبێت کە بریتییە لە “تێکەڵبوونی حزب و دەوڵەت”! کاتێک ساختار و پێکهاتەکانی حزب لە دامەزراوە ڕەسمی و دەستوورییەکانی حکومەت بەهێزتر دەبن، وەفاداری بۆ حزب و جەمسەرە حزبییەکان بە تەواوەتی دەکەوێتە کێبڕکێی ئاشکرا لەگەڵ وەفاداری بۆ دەوڵەت و سەروەریی یاسا. لە هاوکێشەیەکی لەم جۆرەدا پرسیارە سوتێنەرەکە دەبێتە ئەوەی: ئایا حکومەت فەرماندەیی حزب دەکات، یان حزب فەرماندەیی حکومەت دەکات؟

کاتێک بڕیارە ستراتیژییەکانی سەربازی، ئابووری، دامەزراندنی فەرمانبەران و دیپلۆماسی لە مەکتەبە سیاسییەکان و بەرزاییە حزبییەکاندا دەدرێن لەبری ئەوەی لە تەلاری پەرلەمان یان ئەنجومەنی وەزیراندا دەربچن، ئەوا دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ تەنیا دارپەستێک یان پاشکۆیەک بۆ جێبەجێکردنی ویستی حزبەکان! لەم واقیبە تاڵەدا، جیاوازیی نێوان سامانی گشتی و سەرمایەی حزبی دەسڕدرێتەوە و هێزی چەکداری نیشتمانیش دەگۆڕێت بۆ پاسەوانی بەرژەوەندییە سیاسییەکان.

لەم واقیبە تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی دەستەبژێری دەسەڵاتدار بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە پێویستمان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە تا فەرمانمان بەسەردا بوبکات، بەڵکو دەوڵەتمان تەنیا بۆ ئەوە پێویستە تا ڕەواکەرێک بێت بۆ بڕیارە حزبییەکانمان لە بەرامبەر جیهاندا!” ئەم دەستبەسەرداگرتنەی حزب، کەرامەت و بەهای دامەزراوە فەرمییەکان تووشی داڕمانی یەکجارەکی دەکات چونکە تەواوی توانا سەربازی و داراییەکانی وڵات دەکاتە قوربانیی بەردەوامیی هەژموونی سیاسیی حزب.

کاتێک بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت بچووک بوبکرێتەوە بۆ ڕاییکردنی ئامانجەکانی حزب، ئیتر دروشمەکانی سەر سەروەریی یاسا، بنبڕکردنی گەندەڵی و دامەزراوەییبوون دەبنە ناوەڕۆکێکی پووچ کە هیچ بڕستێکی ڕاستەقینەی نییە. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی سنوورێکی ڕوون لە نێوان حزب و دەوڵەتدا نەکێشرێت و ئیرادەی نیشتمانی بەسەر هەژموونی حزبییدا زاڵ نەبێت، ئەم داڕزانییە بەردەوام دەبێت و دەوڵەتیش وەک تابلۆیەکی ڕازێنراوەی بێدەسەڵات لە ژێر ڕکێفی حزبدا دەمێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 68 Today: 1,377 📊 Click Here