خوێندراوەتەوە: (4.5K)

جێگر بۆرهان معمد

کاتێک پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت و ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن، ئیرادەی گەل و قەبارەی ڕاستەقینەی هێزە سیاسییەکان لە ڕێگەی دابەشبوونی کورسییەکانەوە کێشراوە و یەکلایی بووەتەوە. ئەمە یاسای دیمۆکراسییە. بەڵام ئەوەی دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، پێچەوانەکردنەوەی سەرەوخواری ئەم بنەمایەیە؛ پەرلەمانێک کە شەرعییەتی لە دەنگی خەڵکەوە وەرگرتووە، خراوەتە ناو سەلاجەی چاوەڕوانییەوە، تەنها لەبەر ئەوەی حیزبە باڵادەستەکان لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ئەم واقیعە پێمان دەڵێت کە نابێت و ناکرێت دەزگایەکی باڵای وەک پەرلەمان ببێتە بارمتەی دانوستان و چەنەبازیی حیزبەکان لەسەر پۆستە وەزاری و کارگێڕییەکان. ئەرکی پەرلەمان حوکمڕانی، یاسادانان و چاودێریکردنە، نەک مانەوە لە ژێر ڕەحمەتی لێژنە حیزبییەکاندا. ئەگەر حیزبەکان ناتوانن لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکبکەون، ئەمە نابێت ببێتە هۆی پەکخستنی دەسەڵاتی تەشریعی؛ پەرلەمان دەتوانێت و پێویستە دەستبەکار بێت، کۆببێتەوە، و لێپرسینەوە لە حکومەتی کاربەڕێکەر بکات، نەک هۆڵەکەی چۆڵ بکرێت تا کاتێک کە سەرکردە سیاسییەکان مۆڵەتی پێدەدەن.

کاتێک پەرلەمان دەکرێتە پاشکۆی ویستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن یان ڕێککەوتنی حیزبی، فەلسەفەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بە تەواوی مانا دەپووکێتەوە. ئەم چاوەڕوانییە درێژخایەنە سووکایەتیکردنە بەو هاوڵاتییەی کە لە کاتی خۆیدا چوو دەنگی دا. پەرلەمان بۆ ئەوە دروست بووە کە سەکۆی یەکەم و بڕیاردەری سەرەکی بێت لە وڵاتدا، نەک هۆڵێکی چاوەڕوانیی سارد کە تێیدا پەرلەمانتاران چاو تیژ بکەن بۆ ئەوەی بزانن لە کۆبوونەوەی مەکتەبە سیاسییەکاندا کەی و چۆن بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 36 Today: 1,731 📊 Click Here