خوێندراوەتەوە: (6.8K)

لوقمان کەمال محمد

شانۆیەکە کە تێیدا دەمی سەرجەم ئەکتەرەکان بە توندی دووراوەتەوە، کەچی دەرهێنەرەکە لە ڕیزی پێشەوە دانیشتووە و بەوپەڕی دڵخۆشییەوە چەپڵە بۆ ئەم بێدەنگییە کوشندەیە لێدەدات و ناوی دەنێت شاکاری سەقامگیری! لێرەدا قسەکردن دەبێتە گەورەترین تاوان، و هەر ئەکتەرێک بیەوێت تەقەڵەکانی دەمی بکاتەوە و ڕاستییەکان بڵێت، دەستبەجێ بە ناوی تێکدانی شانۆکەوە ڕاپێچی ژێرزەمینە تاریکەکان دەکرێت ! ئەمە ڕێک واقیعی هەرێمی کوردستانە؛ نیشتمانێک کە تێیدا ئازادیی ڕادەبڕین لەژێر پێڵاوی هێزە ئەمنییەکانی حیزبدا دەپلیشێتەوە، و کەیسی شێروان شێروانی و چالاکوانانی بادینانیش بووەتە ئاوێنەیەکی ڕوون بۆ نیشاندانی ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەم حوکمە خێزانییەی کە لە وشەیەک زیاتر دەترسێت تا لە ڕووخانی تەواوی وڵاتێک !

لەم ژینگەیەدا، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک پەنجە دەخاتە سەر سامانی ونبوو و داهاتی قاچاخی سنوور، ڕاستەوخۆ دەبێتە ئامانجی دەزگا سێبەرەکان. دەسەڵات لەبری وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خەڵک، پەنا دەباتە بەر دادگاکانی کارتۆنی و پەڕاوی دروستکراو بۆ ئەوەی هەر دەنگێکی ناڕازی بکاتە عیبرەت بۆ کۆمەڵگا. ئەمە تیرۆرکردنی خامەیە بە بەرچاوی جیهانەوە، کە تێیدا زیندانەکان پڕ دەکرێن لە قەڵەمی ئازا و دەنگی خنکێنراو، تەنها بۆ ئەوەی تاڵانچییەکان بتوانن بە ئارامی و بەبێ بێزارکردن، لە ژوورە داخراوەکانیاندا نەوتی دزراو و خەزێنەی گشتی دابەش بکەن.

زۆر  “مەترسیدارە تۆ لەسەر حەق بیت، لە کاتێکدا دەسەڵاتە دامەزراوەکان لەسەر هەڵە بن” ! ئەم حەقیقەتە تاڵە ڕێک پێناسەی ئەو مۆدێلەیە کە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت لە ژێر حوکمی ستالیندا پەیڕەو دەکرا، کاتێک نووسەران و ڕەخنەگران تەنها لەسەر نووسینی چەند دێڕێک لەسەر پارچە کاغەزی نهێنی، ڕەوانەی کامپەکانی مەرگ دەکران، چونکە ڕژێم زۆر بەباشی دەیزانی کە حەقیقەت لە هەر چەکێک مەترسیدارترە بۆ سەر درۆکانیان ! ئەمڕۆ لە نیشتمانی ئێمەشدا، هەمان ئەو ستەمکارییە لەسەر دەستی ئەم نوخبە تاڵانچییە دووبارە دەبێتەوە؛ دەسەڵاتێک کە غەرق بووە لە گەندەڵی و ئابووریی سێبەردا، ئازایەتیی شێروانی و چالاکوانانی بادینان وەک گەورەترین مەترسی دەبینێت، بۆیە لە ڕێگەی سەرکوتکردنی مەدەنی و هەڕەشەی شاراوەوە، هەوڵ دەدات حەقیقەت لە ناو چواردیواری زیندانەکاندا بۆ هەمیشە بخنکێنێت !

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 91 Today: 2,310 📊 Click Here