احمد حميد محمد
هاو]یوەى دارستانێک کە تێیدا گورگەکان جلوبەرگی شوانەکانیان پۆشیوە و خۆیان کردووەتە پاسەوانی مەڕەکان؛ هەر کاتێکیش مەڕێک داوای ئاو و گیا دەکات، گورگەکان بە ناوی پاراستنی باخچەکەوە پارچەیەک لە گۆشتی دەخۆن ! ئەمە ڕێک وێنەی ئەو دەوڵەتە ڕفێنراوەیە کە ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەیبینین؛ نیشتمانێک کە لەلایەن یەکێتی، پارتی و چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە دابەشکراوە، و دامەزراوەکانی لەبری ئەوەی ببنە سێبەرێک بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتی، گۆڕراون بۆ مەیدانی زۆرانبازیی هێزە تاریکەکان و بەشبەشێنەی داهاتی نەتەوەیەک !
لەم جەنگەڵستانەدا، وەزارەتەکان و فەرمانگەکان چیتر شوێنی خزمەتگوزاری نین، بەڵکو بوونەتە موڵکی تایبەتیی کۆمپانیاکانی حیزب و پێگەیەک بۆ جێگیرکردنی چەکدارانی سێبەر. کاتێک بڕیاری دادگایەک، یان خەرجکردنی بودجەیەک، پێویستی بە مۆری مەکتەبی سیاسی و ڕەزامەندیی سەرکردەی میلیشیاکان هەبێت، ئیتر باسی دەوڵەتداری دەبێتە گاڵتەجاڕییەکی قێزەون. ئەم حوکمە خێزانییە و ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە، نیشتمانیان کردووەتە کێکێک و ڕۆژانە بە چەقۆی چەکەکانیان قاشی دەکەن، لەکاتێکدا هاوڵاتیی سادە دەبێت باجی ئەم قەیرانە دروستکراوە بدات تەنها بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە.
ماکس ڤێبەر دەڵێت: “دەوڵەت ئەو تاکە کۆمەڵگە مرۆییەیە کە مافی قۆرخکردنی بەکارهێنانی هێزی ڕەوای هەیە” ! بەڵام کاتێک ئەم مافە دەکەوێتە دەست میلیشیاکان و هێزەکانی حیزب، دەوڵەت خۆی دەبێتە گەورەترین باندی چەتەگەری. ئەم حەقیقەتە ڕێک هاوشێوەی دۆخی لوبنانە، کاتێک حیزبوڵڵا و هێزە تائیفییەکان چەکیان بەکارهێنا بۆ لاوازکردنی سوپا و ڕفاندنی تەواوی دامەزراوەکانی وڵات، تا کار گەیشتە ئەوەی دەوڵەت ببێتە تەنها پاشکۆیەکی بێدەسەڵات ! لە عێراق و کوردستانیشدا هەمان کارەسات دووبارە دەبێتەوە؛ دەسەڵاتدارانی یەکێتی، پارتی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لە ڕێگەی چەکەکانی حیزبەوە سەروەریی یاسایان پێشێل کردووە و دامەزراوە بێگیانەکانیان کردووەتە قەڵغانی پاراستنی تاڵانچییەکان !
لێرەدا، یاسا تەنها بۆ چەوساندنەوەی بێهێزەکانە، بەڵام بۆ سەرکردە چەکدارەکان و خاوەن بەرژەوەندییەکان، یاسا پارچە کاغەزێکە و لەژێر پێڵاوەکانیاندا دەیشێلن ! هەرکاتێک گەنجێک یان ڕەخنەگرێک بیەوێت پرسیار لەسەر سامانی ونبوو و داهاتی دەروازە سنوورییەکان بکات، دەستبەجێ ڕووبەڕووی هەڕەشەی شاراوە و سەرکوتکردنی مەدەنی دەبێتەوە. دەوڵەتێک کە بە چەکی میلیشیاکان و ئیرادەی حیزبەکان بەڕێوە بچێت، ناتوانێت قوتابخانەیەک یان نەخۆشخانەیەک دروست بکات، بەڵکو تەنها دەتوانێت زیندانی تاریک و دادگای کارتۆنی بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان بەرهەم بهێنێت
