دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پەیامێکی لەسەر ڕوداوەکانی گوندی لاجان بڵاوکردەوە و دەڵێت ” ئیدانەی هەر جۆرە توندوتیژیەک دەکەین کە ببێتە هۆی بەکارهێنانی چەک و کوشتنی لێ بکەوێتەوە”.
یەک شەممە، ٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێـمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکیان لەسەر ڕوداوەکانی ڕۆژی ڕابردووی گوندی لاجان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند ” دوای گفتوگۆی تیمی دەستە وهەریەک لەپارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بۆمان دەرکەوت کە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و بەڵگەکان کۆکراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردوە، وە ئاماژەیان بەوەداوە هەرکەسێک تەقەی کردبێ ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجام دەدرێ”.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە “لەنزیکەوە تیمێکی تایبەتی دەستەی مافی مرۆڤ بەسەرۆکایەتی خاتو تاڤگە عمر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ، شاندێکی ناردە شوێنی ڕووداوەکەو لەوێ لەگەڵ چەند کەسێکی مەدەنی گفتوگۆیان کرد لەسەر ڕووداوەکە”.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە، کە کەسێک کوژراوە و چەند کەسێکی دیکە بریندان، و توندوتیژی لە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و کەناڵەکان ئەنجامداروە.
ڕۆژی ڕابردوو، ٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە بەردەم کۆمپانیای لاناز لە گوندی لاجانی سەر بە پارێزگای هەولێر، هاوڵاتیانی گوندەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد ئەو دوو پاڵاوتگەی لە گوندەکەیان هەیە دابخرێن یاخود خەڵکی گوندەکە لە پاڵاوتگەکاندا کاربکات، دواتر گرژی لە نێوان پاسەوانانی کۆمپانیاکە و هێزە ئەمنیەکان لەگەڵ خۆپیشاندەران دروست بوو، کە کەسێک کوژراوە و زیاتر لە دە کەسیش برینداربوون، هەرچەند باس لە کوشتنی سێ کەس دەکرا، بەڵام تا ئێستا ئاماری فەرمی نییە بۆ ژمارەی کوژراو و بریندار و دەستگیرکراو، شەوی ڕابردوش وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا خۆپیساندەرانی بە “تێکدەر و دەستی دەرەکی” ناوبرد.
خۆپیشاندان
گوندی لاجان
کۆمپانیای لاناز
