لەپاش ئەمریکا و بریتانیا و کەنەدا ئەمڕۆ حکەمەتی تورکیا سزای بەسەر ٢٠ کەسایەتی و ژمارەیەک دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاند و سامانەکانیانی بلۆک کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، سزای بەسەر ٢٠ کەسایەتی و ١٨ دامەزراوەی ئێرانی پەیوەست بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەوە سەپاند و سەروەت و سامانیانی بلۆک کرد، ئەمەش دوابەدوای چالاککردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی ئەورووپا و نەتەوەیەکگرتووەکان دێت بەسەر تاراندا.
ئەم بڕیارە بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەرچووە، کە “کەس و ڕێکخراوەکانی بەشدار لە بەرنامەی پەرەپێدانی ئەتۆمی ئێران، وەک کۆمپانیاکانی کەشتیوانی، کۆمپانیاکانی وزە و ناوەندەکانی توێژینەوە” کراوەتە ئاماج.
زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لەوانە ئەمەریکا، کەنەدا و بەریتانیا، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ سەر تاران و سەپاندنی سزای نوێ بەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
لە نێو ئەو لایەنانەی کە تورکیا کردوویەتیە ئامانج، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، بانکی سپا، بانکی سپای نێودەوڵەتی، ناوەندی لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ئەتۆمی ئیسفەهان، ناوەندی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی ئیسفەهان، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی کەرەج، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی ئەتۆمی و پزیشکی، کۆمپانیای کەشتیوانی ئێران-هیندستان، کۆمپانیای وزەی نوین و پارس تراش، کۆمپانیای جابر بن حەیان، کۆمپانیای پیشەسازیی وزەی پیشگام، کەشتیوانی باشووری ئێران.
هەروەها لیستی ئەو کەسانەی کە سەروەت و سامانیان لەلایەن تورکیاوە بلۆککراوە، بریتین لە ‘بەهمەن عەسکەرپوور، محەممەد فیدایی ئاشیانی، عەباس ڕەزایی ئاشتیانی، هالە بەختیار، مورتەزا بەهزاد، حوسێن حوسێنی’ و چەندانی دیکەش.
تورکیا
ئێران
ئەمریکا
چالاکی ئەتۆمی
