خوێندراوەتەوە: (4)

سەربەست سەعید ساڵح

لەم وڵاتەی ئێمەدا یاسایەکی زۆر توند هەیە کە دەڵێت: “بەرپرس تا ئەو کاتەی لەسەر کورسییەکەیەتی، وەک فریشتەیەکە و هیچ یاسایەک نایگرێتەوە، بەڵام هەرکە کورسییەکەی جێهێشت یان قەڵغانە سیاسییەکەی لەدەستدا، لەناکاو دەبێتە شەیتان و دەزگاکانی چاودێریش چاویان دەکرێتەوە!” ئەمە ئەو ڕەخنە گەورەیەی شەقامە کە ساڵانێکە لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی لە عێراقدا دەوترێتەوە. کاتێک گوێمان لە هەواڵی گرتنی بەرپرسە باڵاکان دەبێت بۆ بردن و شاردنەوەی ملیۆنان دۆلار و ملیاران دینار، زۆرجار تێبینی خاڵێکی هاوبەش دەکەین: ئەمانە زۆربەیان “پێشوو”ن؛ وەزیری پێشوو، بەڕێوەبەری پێشوو، یان جێگری پێشوو! پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە دەبێت هەموومان بیکەین: باشە ئەم هەموو تاڵانییە چۆن لە سەردەمی دەسەڵاتیاندا کرا و کەس نەیوێرێت بڵێت لەسەر چاوت برۆ هەیە، کەچی دوای دەرچوونیان لەناکاو دەزگاکانی چاودێری دەبنە پاڵەوان؟

کێشەکە پەیوەندییەکی زۆر قووڵی بە “کات” و “قەڵغانی سیاسی”یەوە هەیە. کاتێک بەرپرسێک لە پۆستێکی باڵادایە، ئەو تەنها فەرمانبەرێکی حکومەت نییە، بەڵکو سەرمایەیەکی حیزبییە و بەشێکە لە تۆڕێکی گەورەی ئابووری و سیاسی. لەو قۆناغەدا، لێکۆڵینەوە لە خەرجییەکانی، وەک ئەوە وایە دەست بخەیتە ناو هێلانەی زەردەواڵە؛ هەر دەزگایەکی چاودێری یان لیژنەیەکی نەهێشتنی گەندەڵی بیەوێت لێپرسینەوەی لێ بکات، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هەڕەشە، گۆڕینی فەرمانبەرەکان، یان تەنانەت داخستنی دۆسیەکە دەبێتەوە. دەسەڵات لە عێراقدا چەترێکە کە نەک تەنها تاوانبار دەپارێزێت، بەڵکو پرۆسەی لێکۆڵینەوەکەش ئیفلیج دەکات. بەڵام هەرکە ئەم بەرپرسە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا دەکرێتە دەرەوە، یان دەبێتە قوربانیی ڕێککەوتنێکی نوێی نێوان حیزبەکان، چەترەکەی لێ دەسەنرێتەوە. ئینجا لەناکاو فایلی گەندەڵییەکانی کە ساڵانێک بوو لەسەر ڕەفەی دادگاکان تۆزیان لێ نیشتبوو، دەهێنرێنە خوارەوە و دەکرێنە کەرەستەی نمایشی میدیایی.

ئەم جۆرە لێپرسینەوە درەنگکەوتووە، نەک هەر متمانە دروست ناکات، بەڵکو گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە بە چەمکی چاودێریی دامەزراوەیی. کاتێک سیستەمێک تەنها توانای دادگاییکردنی بێدەسەڵاتەکان یان ئەوانەی هەیە کە لە یارییەکە دەركراون، ئەو سیستەمە سەروەریی یاسای تێدا نییە، بەڵکو سەروەریی کات و دەسەڵاتی تێدایە. بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕ بە هەڵمەتەکانی بنەبڕکردنی گەندەڵی بکات، دەبێت ببینێت کە یاسا دەتوانێت یەخەی وەزیرێکی دەستڕۆیشتوو بگرێت لەو ساتەی کە لە لوتکەی دەسەڵاتدایە، نەک دوای ئەوەی پارەکەی بردووەتە دەرەوە و بووەتە “بەرپرسی پێشوو”. ئەگەر لێپرسینەوە تەنها لە “دەرگای دەرچوون”دا بێت، ئەوا دەرگای هاتنەژوورەوە هەمیشە پڕ دەبێت لەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە گەندەڵکاری داهاتوو!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 122 Today: 1,547 📊 Click Here