سەرکەوت رەمەزان علی
کێڵگەیەک کە تێیدا جوتیارەکان بەردەوام ئارەقە دەڕێژن، بەڵام کاتی دروێنە کە دەگات، بەروبوومەکە دەچێتە کۆگای ئەو کەسانەی کە هەرگیز دەستیان بەر خاک نەکەوتووە، و جوتیارەکانیش تەنها بەڵێنی درۆی وەرزی داهاتوویان پێ دەدرێت ! ئەمە ڕێک وێنەی ئەو دۆخە کارەساتبارەیە کە ئەمڕۆ عێراق و هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، کە تێیدا هاوڵاتییان باجی قەیرانەکان دەدەن، لە کاتێکدا نوخبەی دەسەڵاتدار لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە خەریکی دابەشکردنی نیشتمانن وەک دەستکەوتی تایبەتیی خۆیان!
لەم نیشتمانەدا، داخستنی پەرلەمان و پەکخستنی دامەزراوەکان کێشەی تەکنیکی یان سیاسیی کاتی نین، بەڵکو بەشێکن لەو قەیرانە هەمیشەییەی کە دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆی بەرهەمی دەهێنێت ! کاتێک مووچە دەبێتە کارتی فشار، و دانوستانەکان لەبری ئەوەی بۆ خزمەتی خەڵک بن، دەگۆڕێن بۆ ڕێککەوتنەکانی ژێر مێز لە نێوان چەند خێزان و هێزێکی چەکداردا، ئیتر هاوڵاتی تێدەگات کە ئەم سیستەمە بۆ پاراستنی ئەوان دروست نەکراوە، بەڵکو ئامێرێکە بۆ مژینی خوێنیان !
ئەنتۆنیۆ گرامشی دەڵێت: “جیهانی کۆن خەریکە دەمرێت، و جیهانە نوێیەکەش لە دایکبووندا دەناڵێنێت؛ ڕێک لێرەدایە کە سەردەمی دڕندەکان دەست پێدەکات” ! ئەم خوێندنەوەیە بە تەواوی بەسەر دۆخی ئیفلیجکراوی ئێرەدا جێبەجێ دەبێت، ڕێک هاوشێوەی دۆخی لوبنان کە تێیدا نوخبەی تائیفی و حیزبی بۆ ساڵانێکی درێژ پەرلەمانیان داخست و دیموکراسیی ساختەیان وەک پەردەیەک بۆ دزینی سامانی گشتی بەکارهێنا، تا وڵاتەکەیان گەیاندە داڕمانی تەواوەتی ! لێرەش، نوخبەی حوکمڕان هەمان یاریی ترسناک دەکەن، بە جۆرێک کە دامەزراوەکانیان کردووەتە پاشکۆی ئارەزووەکانیان و ژیانی خەڵکیشیان خستووەتە نێو چەرخی ئیفلیجییەکی کوشندەوە !
دەسەڵاتێک کە نەتوانێت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێکی سادە دابین بکات، بەڵام بتوانێت لە یەک شەودا سامانی نیشتمانێک لە ڕێگەی سیستەمی پشکێنە و بەشبەشێنەوە تاڵان بکات، شەرعییەتی مانەوەی بەتەواوی لەدەستداوە ! پەرلەمانی بێدەنگکراو و حکومەتی ئیفلیجکراو تەنها پەیکەرێکی ڕووخاون کە بۆ جوانکاریی دەرەوە هێڵراونەتەوە، لەکاتێکدا بڕیارە ڕاستەقینەکان لە ناو ژوورە تاریکەکانی حیزب و لەلایەن وەزیرەکانی سێبەرەوە دەدرێن ! ئەمە ئیتر حوکمڕانی نییە، بەڵکو بازرگانییە بە چارەنووس و کەرامەتی نەتەوەیەکەوە کە متمانەی بە هەموو شتێک دۆڕاندووە !
