بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان لە عێراق، سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی ئەمنی بۆ هەڵوەشاندنەوەی باندێکی نێودەوڵەتیی مەترسیداری بازرگانیکردن بە حەبی هۆشبەری (لاریکا) لە شاری بەغدا ڕادەگەیەنێت، کە لە نێو دەستگیرکراوەکاندا دوو دەرمانساز و بازرگانێکی بیانی هەن.
عەباس بەهادلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، لە لێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند” یەکەکانیان لە کەرتی کەرخی بەغدا، دوای هەوڵێکی هەواڵگریی ورد و چڕ، توانیویانە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا چوار تۆمەتباری سەرەکیی ئەو باندە نێودەوڵەتییە دەستگیر بکەن کە بازرگانییان بە حەبی (لاریکا) و کارتێکەرە عەقڵییەکانەوە دەکرد.”
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە نێو دەستگیرکراوەکاندا بازرگانێکی بیانی و دوو دەرمانساز هەن و ئۆپەراسیۆنەکە بە جۆرێک داڕژابوو کە یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە ڕاکێشرایە ناو شاری بەغدا و پاشان لە کاتی دابەشکردنی حەبەکان بەسەر دەرمانخانەکاندا و لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بە سەرپێچی دەستگیرکرا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان، لەم چالاکییە ئەمنییەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە حەبی قاچاخ و قەدەغەکراودا گیراوە کە پێکهاتبوون لە زیاتر لە ٣٣ هەزار حەبی هۆشبەر و کارتێکەری هۆشی، کە ٢٩ هەزار دانە لەو حەبانە لە جۆری (لاریکا) بوون و ٤ هەزار حەبی کارتێکەری هۆشی جۆراوجۆری دیکەشی لەگەڵدا بووە. بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، تەنها لەمساڵدا ٣٧ کەس سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و ١٧٣ کەسیش بە تاهەتایی سزادراون، هەروەها دوو هەزار و ٢٨٨ کەسەکەی دیکەش سزای جیاوازی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
