خوێندراوەتەوە: (12)

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی لەبارەی دەرەنجامەکانی سێ مانگ لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە چەکدارییە هاوپەیوەندەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئامار و زانیاری مەترسیدار لەسەر ژمارەی هێرشەکان و قوربانیانی مەدەنی دەخرێنە ڕوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوەکەوە بڵاوکراوەتەوە، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەردەوام لە هێرشی سەربازی بووەتەوە. لەم ماوەیەدا (٢٨ی شوبات تا ٢٨ی ئایار) کۆی گشتی ٧٥١ هێرش تۆمارکراون کە بوونەتە هۆی کوژرانی ٢٢ کەس و برینداربوونی ١١٢ کەسی دیکە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی تیمی CPT، زۆربەی هێرشەکان واتە ٦٤٧ هێرشیان لە ٤٠ ڕۆژی یەکەمدا و پێش ئاگربەستی ٨ی نیسان ڕوویانداوە. گرووپە هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراق بەرپرسیارن لە ٦٠.٣٪ی هێرشەکان و هێزەکانی خودی ئێرانیش ٣٩.٧٪ی هێرشەکانیان ئەنجامداوە، کە تێیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ چەکی سەرەکی بووە و لە ٧٨.٤٪ی هێرشەکاندا بەکارهاتووە. لە ڕووی جوگرافییەوە، پارێزگای هەولێر ئامانجی سەرەکی بووە و ٧٨.٣٪ی کۆی هێرشەکانی بەرکەوتووە. شوێنە بەئامانجگیراوەکانیش دابەش بوون بەسەر سێ سێکتەری سەرەکیدا، بەشێوەیەک کە ٣٧.٤٪ی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بووە، ٣١.٧٪ی هێرشەکان بۆ سەر شوێنی مەدەنی نشین، کۆمپانیاکان و بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە بووە، و ٣٠.٩٪ی هێرشەکانیش بۆ سەر کامپی پەنابەران و بارەگای حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ٨ی نیسان، هێرشەکان نەوەستاون و ١٠٤ هێرشی نوێ تۆمارکراون. لەم قۆناغەدا ئاراستەی هێرشەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ بە شێوەیەک کە ٨٢.٧٪ی هێرشەکانی ماوەی ئاگربەست کراونەتە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کامپەکانیان، و هێزەکانی ئێران خۆیان بوونەتە ئەنجامدەری ٨٩٪ی هێرشەکان. سەرجەم قوربانییانی ئەم ماوەیەش کە ٥ کوژراو و ١٧ بریندارن، ئەندامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوەکە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا چەند ڕاسپاردەیەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، تێیدا داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات بگەنە ڕێککەوتنێکی پابەندکەر بۆ وەستاندنی تەواوەتی هێرشەکان لە خاکی هەرێمدا. هاوكات داوا لە حکومەتی عێراق دەکات سەروەریی خاکی وڵات بپارێزێت و لێپێچینەوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە چەکدارییەکان بکات. لە کۆتاییشدا داوا لە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم دەکات قەرەبووی خێرا بۆ هاووڵاتیانی زیاندمەند دابین بکەن، بەپێی یاسای ژمارە ٢٠ی ساڵی ٢٠٠٩ و یاسای هەموارکراوی ژمارە ٥٧ی ساڵی ٢٠١٥.

سی پی تی

هەرێمی کوردستان

هێرش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 85 Today: 1,713 📊 Click Here