خوێندراوەتەوە: (1)

محەمەد فایەق

ئەگەر بەوردیی لە ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بڕوانین، بۆمان دەرکەوێت کە کوشندەترین و بەهێزترین هێزی ڕکابەر لە بەرامبەر دەسەڵاتی زاڵدا، نە جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، نە بزووتنەوەی گۆڕانە و نە هیچ حیزب و پێکهاتەیەکی تر، بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و بێبەزەیی تەنیا و تەنیا “ڕۆژژمێرە”! پرۆسەکە بە درامایەکی دووبارە دەست پێ دەکات؛ لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەڵێنی زل و گەورە بە خەڵک دەدرێت، پاشان یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەشێوەیەکی پرۆتۆکۆلی و ڕواڵەتی بەڕێوە دەچێت، بەڵام هەرکە دانوستانەکانی پشتی پەردە دەست پێ دەکەن،

کات بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر تێپەڕ دەبێت و مانگ لە دوای مانگ دەتوێتەوە. لەم نێوەندەدا، تەنیا شتێک کە هاووڵاتییان دەیبینن بریتییە لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بێئاکام، لێدوانی دووبارەی بەردەم کامێراکان، بەیاننامەی بێناوەڕۆک، دیاریکردنی موڵەتی نوێ، و دواتر دواخستنی ئەو موڵەتانە بۆ کاتێکی نادیار. لەم شەڕە نایەکسانەدا، هەموو بەڵێنێکی هەڵبژاردن و هەموو وادەیەکی دەستووری، لە بەرامبەر هاتن و ڕۆشتنی مانگەکاندا بەئاسانی دۆڕاو و داماڵراو دەبێت؛ بە جۆرێک کە ڕۆژژمێرەکە بێ بەزەییانە پووچیی دروشمەکان دەخاتە ڕوو و شکستی تەواوی پرۆسەکە ئاشکرا دەکات. ئەم ڕەوشە نامۆیە سەلمێنەری ئەوەیە کە پارتە سیاسییەکان بەئاگاییەوە کات وەک چەکێک لە دژی داواکارییەکانی جەماوەر بەکار دەهێنن؛ ئەوان ڕاهاتوون لەسەر ئەوەی کە دانوستانەکان هێندە درێژ بڕن کە خەڵک تووشی ماندوێتی و بێهیوایی بێت و لە کۆتاییدا تەواوی داواکارییە بنەڕەتییەکانی بژێوی و چاکسازی لەبیر بباتەوە.کاتێک سیستەمێکی سیاسی بەردەوام دواخستن و پەکخستنی بڕیارە چارەنووسسازەکان دەکاتە نەریتی ڕۆژانەی خۆی،

لە واقیعدا دواخستنی گۆڕیوە بۆ مۆدێلێکی نوێی بەڕێوەبردن و جۆرێک لە حکومەتداریی شێواو؛ شێوازێک کە تێیدا هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت و هیچ کابینەیەک لە کاتی خۆیدا ناگات، بەڵکو هەموو شتێک بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵدرێتەوە تا کات خۆی کێشەکان کاڵ بکاتەوە. بەم شێوەیە، ڕۆژژمێرەکە وەک بەهێزترین ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە و رۆژانە بە بیرمان دەهێنێتەوە کە تەمەنی مرۆڤ و کاتی هاووڵاتییان لەم مەملەکەتەدا، بێنرخترین سەرمایەیە لە حیساباتی سەرکردە سیاسییەکاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 207 Today: 1,454 📊 Click Here