لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، قەزای چەمچەماڵ زیاتر بێ ئاو دەبێت. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بۆ چارەسەری کێشەکانیان پارە بۆ پڕۆژەی ئاوەکەیان تەرخانکراوە و کارکردن دەستپێکردووەتەوە.
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، گوت: “پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە خەرجکراوە و کارکردن تێیدا دەستیپێکردووەتەوە”.
26ـی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کرا و 30ـی هەمان مانگ کارکردن تێیدا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە نێوەڕاستی مانگی ئایار کارکردن تێیدا وەستا.
دەیان ساڵە 10 ساڵە سنووری قەزای چەمچەماڵ کێشەی کەمئاویی هەیە. قایمقامی قەزاکە گوتی: “ئێستا هەندێک گەڕەکمان هەیە 10 بۆ 11 رۆژ جارێک ئاویان پێ دەدرێت، گەڕەکیشمان هەیە حەوت رۆژ جارێک ئاویان پێ دەدرێت”.
بۆ دابەشکردنی ئاو سێ رۆژ جارێک لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ، سنوورەکە پێویستی بە 60 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە لە 24 کاژێردا، بەڵام ئێستا نزیکەی 30 هەزار مەتر سێجا ئاوی لەبەردەستدایە.
رەمک رەمەزان گوتی: “ئێستا رۆژانە لە رێگەی تەنکەرەوە ملیۆن و نیوێک لیتر ئاو دابەش دەکەین. ناڵێین دۆخەکە باشە، بەڵام باشترە لە جاران”.
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە بڕیارە 26-06-2026 تەواو ببێت. بە گوتەی رەمک رەمەزان، تاوەکو ئەمڕۆ 08%ـی پڕۆژەکە تەواو کراوە.
بڕیارە لە داهاتی نێوخۆی پارێزگای سلێمانی، بەگوێرەی پێویست پارەی دیکە بۆ پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە تەرخان بکرێت.
کۆمێنت بۆ بابەتەکە بنووسە