حکومەتی هەرێم بۆ مووچەی مانگی حەوت و مانگەکانی دواتر هەنگاوینا و ئەنجوومەنی وەزیران شاندی هەرێمی ڕاسپارد بەرەو بەغدا بڕۆن و ڕێککەوتن لەسەر هەناردەی نەوت و داهاتەکان یەکلایی بکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، شاندی هەرێم پێکهاتوون لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمشەو بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون، و بڕیارە سبەینێ، سەرەڕای پشووی فەرمی بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و ئەنجامی سەردانی شاندەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا کەتایبەتبوون بە ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت توتوێ کرا، و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندووە، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، بە زیادەوە کارئاسانی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان و داوا دەکات مووچە تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکان نەکرێت.
لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، کە تا ڕادەیەک ئاسانکاری بۆ تێگەیشتن لەسەر بابەتی داهاتی نانەوتی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بوو،ە و ئەگەری کەمە پێویست بە پرسیارکردن بە ئەنجوومەنی دەوڵەت بکات. بەڵام لە دۆخی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، پرسیار ئاراستەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکرێت بۆ ڕوونکردنەوەی یاسایی لەسەر ماددەکانی پەیوەندیدار بە داهاتی نانەوتی، و پێویستە هەردوولا پابەندی ئەو ڕوونکردنەوە یاساییە بن.
