خوێندراوەتەوە: (5.8K)
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پابەندی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بووە و ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی عێراقە بۆ ئەوەی ھەناردەكردنەوەی نەوت دەست پێبكاتەوە.
د. خالد رێكانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، دوای گفتوگۆی ئەم دوایەی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا ئەنجامەكان باشبوون و حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەرچی داواكاری لە لایەن حكومەتی عێراق ھەبووە جێبەجێی كردووە، ئامادەن بۆ رادەستكردنی داھاتی نانەوتی و نەوتیش ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو ھێرشی درۆنی كرا بۆ سەر كێلگە نەوتییەكان.
باسی لەوەشکرد، ئێستا دووبارە بەرھەمھێنانی نەوت لە كێلگەنەوتییەكانی ھەرێمی كوردستان دەستی پێكردووەتەوە و حكومەتی ھەرێم ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی ھەناردەكردنەوەی نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبكاتەوە و چاوەرێی عێراق دەكرێت.
د. خالد رێكانی وتیشی، حكومەتی ھەرێم لەسەر ئەو رەشنووسەی لەگەڵ حكومەتی عێراق گفتوگۆی لەسەركراوە پێی رازی بووە و ئەوانیش رازی بوون، تەنیا ماوە عێراق خۆی بڕیار بدات و دەست بەھەناردەكردنەوەی نەوتی ھەرێمی كوردستان بكرێتەوە.
رێكانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دوای خەرجكردنی مووچەی مانگی شەش ئێستا گفتوگۆ لە نێوان هەردوو حكومەتدا بەردەوامە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی حەوت و ھەشتیش خەرج بكرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە میدیای یەکێتی راگەیاندبوو، کە ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، مووچەی مانگەکانی دیکەش لەلایەن بەغداوە ڕەوانە دەکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 71 Today: 1,893 📊 Click Here