محمد سيامند ئيمام
خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایەبتى وڵاتەکەى ئێمە بۆتە کارگەیەکی گەورە کە بەرهەمەکەی تەنها ژەهرە و ڕۆژانە دەیخاتە ناو سەرچاوەی ئاوی شارەکەوە، بەڵام خاوەن کارگەکە نەک هەر لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو پاسەوانەکان ئەو کەسە تینووانە دەگرن و بە سەختترین شێوە ئەشکەنجەیان دەدەن کە هاوار دەکەن ئاوەکە پیس بووە ! لێرەدا ژەهرڕێژکردنەکە بووەتە کارێکی فەرمی و یاسایی، بەڵام داواکردنی ئاوی پاک بووەتە گەورەترین تاوانی نیشتمانی کە سزاکەی مەرگە ! ئەمە واقیعی تاڵ و قێزەونی ئەمڕۆی عێراقە لەژێر سایەی کابینەی نوێی حکومەتدا؛ نیشتمانێک کە تێیدا شکستی بەڕێوەبردن و تاوانەکانی چەکدارانی حەشدی شەعبی هێڵێکی سوورن و کەس بۆی نییە باسیان بکات، بەڵام هەر هاوڵاتییەکی سادە کە داوای ژیانێکی باشتر بکات، دەستبەجێ ڕاپێچی زیندانە تاریکەکان دەکرێت و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی نایاسایی دەبێتەوە !
لە سایەی ئەم حوکمە میلیشیاییەدا، دەزگاکانی دەوڵەت چیتر بۆ خزمەتکردن نین، بەڵکو بوونەتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی ئابووریی سێبەر و تاوانەکانی هێزە تاریکەکان. کاتێک سەرکردەی میلیشیاکان بە ئاشکرا داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەدزن و بازاڕ قۆرخ دەکەن، حکومەتی ئیفلیجکراو چاوی خۆی کوێر دەکات، بەڵام هەرکە گەنجێک لەسەر شەقامەکان داوای کارەبا و خزمەتگوزاری بکات، دەستبەجێ دادگاکانی کارتۆنی دەخرێنە کار بۆ دروستکردنی پەڕاوی ساختە دژیان. ئەوان دەوڵەتیان کردووەتە قەسابخانەیەک کە تێیدا ڕەخنەگرتن بووەتە مەترسیدارترین کار، لەکاتێکدا شکست و گەندەڵی بوونەتە پیرۆزییەک کە کەس بۆی نییە دەستیان بۆ ببات.
“هیچ ستەمکارییەک لەوە دڕندەتر نییە کە لەژێر قەڵغانی یاسا و بە ناوی دادپەروەرییەوە ئەنجام دەدرێت” ! ئەم حەقیقەتە ڕێک هاوشێوەی دۆخی وڵاتی چیلییە لە سەردەمی دیکتاتۆریی پینۆشێدا، کاتێک دەستە چەکدارەکانی مەرگ لە دەرەوەی یاسا خەڵکیان دەڕفاند و سامانی وڵاتیان تاڵان دەکرد، بەڵام دادگاکان تەنها بۆ ئەوە دروست کرابوون کە سزای ئەو خوێندکار و کرێکارانە بدەن کە داوای مافە سادەکانیان دەکرد ! ئەمڕۆ لە عێراقیشدا هەمان ئەو ستەمکارییە کوشندەیە دووبارە دەبێتەوە؛ دەسەڵاتداران یاسایان کردووەتە پاشکۆی تفەنگی حەشدی شەعبی، و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی مەدەنییان کردووەتە تاکە وەڵام بۆ ئەو گەلەی کە لەژێر باری هەژاری و بێکاریدا پشتی چەماوەتەوە !
ئەم کابینە نوێیە، لەبری ئەوەی ببێتە پارێزەری سەروەریی خەڵک، بووەتە پاسەوانی بەرژەوەندیی ئەو مافیا سیاسییانەی کە خوێنی هاوڵاتییان دەمژن. ئازادیی ڕادەبڕین لێرەدا خنکێنراوە، و هەر دەنگێکی ناڕازی بە خێرایی لە ڕێگەی تیرۆری دەروونی و فڕاندنی سیاسییەوە لەناو دەبرێت. کاتێک چەکدارێک مافی ئەوەی هەبێت خەڵک بکوژێت و سزا نەدرێت، بەڵام هاوڵاتییەک بۆ داواکردنی نان ئەشکەنجە بدرێت، ئیتر باسی دەوڵەت و دامەزراوەکان تەنها سووکایەتییەکە بە ویژدانی مرۆڤایەتی.
