خوێندراوەتەوە: (6.7K)

بەهرۆز حەویز رەسوڵ

پۆلێکی سارد و تاریک کە تێیدا دڵۆپە ئاوی بانێک دەڕژێتە سەر کتێبەکانی نیشتمانسازی و پێشکەوتن، لە کاتێکدا مامۆستاکە لە دەرەوەی قوتابخانەکە خەریکی فرۆشتنی جگەرەیە بۆ بژێوی خێزانەکەی. قوتابییەکان لەسەر کورسییە شکاوەکانەوە سەیری تەختەڕەشێک دەکەن کە هیچ وانەیەکی نوێی لەسەر نانووسرێت، چونکە ئەوانەی قەڵەمەکەیان بەدەستە، بڕیاریانداوە وشەی “ئومێد” لە فەرهەنگی ئەم نەوەیە بسڕنەوە. ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە، قوتابخانەکانیان نەکردووەتە مەیدانی پەروەردە، بەڵکو کردوویانەتە گۆڕستانێک بۆ ناشتنی خەونی هەزاران گەنج و مامۆستا کە قوربانیی یەکەمی ئەم وێرانکارییەن.

کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵە لە هەردوو زۆنەکەدا دەتوانێت مانگانە ملیۆنان دۆلار بۆ کۆمپانیا حزبییەکان و موچەخۆری بن دیوار دابین بکات، بەڵام خەزێنەی دەوڵەت دادەخات کاتێک نۆرەی ماف و مووچەی مامۆستایان دێت، ئەمە بێتوانایی دارایی نییە، بەڵکو قەیرانی دروستکراوە. پارتی و یەکێتی زۆر باش دەزانن کە سیستەمێکی سیاسی ئەگەر نەتوانێت شایستەی دارایی پەروەردەکارانی مسۆگەر بکات، هەرگیز ناتوانێت سەقامگیرییەکی درێژخایەن بونیاد بنێت؛ بەڵام ئەوان سەقامگیرییان ناوێت، بەڵکو تێکشکاندنی ئیرادەیان دەوێت. بە برسیکردنی مامۆستا و وێرانکردنی کەرتی پەروەردە، دەیانەوێت نەوەیەک پێبگەیەنن کە لەبری پرسیارکردن لە سامانی ونبوو و نەوتی دزراو، تەنها بیر لە دۆزینەوەی پارووە نانێک بکاتەوە لەناو ئابووری سێبەری ئەواندا.

“پەروەردە یان وەک ئامرازێک بۆ ملکەچپێکردن کار دەکات، یان وەک پراکتیزەکردنی ئازادی” ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتە بوو کە لە سەردەمی دیکتاتۆریەتی فرانکۆ لە ئیسپانیادا جێبەجێ دەکرا، کاتێک قوتابخانەکانیان بێبەها کرد و مامۆستایانیان برسی کرد بۆ ئەوەی کۆمەڵگا توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی نەمێنێت. بەڵام ئەم تاڵانچییانەی ئێمە، هەمان میتۆد بە شێوازێکی قێزەونتر بەکاردەهێنن؛ ئەوان نایانەوێت قوتابخانە ببێتە مەیدانی ئازادی، بۆیە مامۆستایان دەخەنە ژێر باری تۆقاندنی دەروونی و مووچەکانیان دەکەنە چەکێک بۆ تێکشکاندنی کەرامەتی گشتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 60 Today: 1,419 📊 Click Here