شالاو محمد ممند
وەک خاکێکی بەپیت کە ساڵانێکە لەلایەن جوتیارانێکەوە دەخەپلێنرێت کە نەک هەر تۆوی تێدا ناچێنن، بەڵکو بەردەوام بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی و کێڵانی بێ وەستان، هێندە ماندوویان کردووە کە ئیتر تەنانەت توانای ڕواندنی دڕکیشی نەماوە؛ کۆمەڵگەی کوردیش ڕێک بەمجۆرە وزەی لێ بڕاوە. لەم نیشتمانەدا، ئێمە ئیتر لە قۆناغی “بێداربوونەوە” یان “خۆئامادەکردن بۆ گۆڕانکاری”دا نین، بەڵکو گەیشتووینەتە قۆناغی ئیفلیجی و داماوی. کاتێک هاوڵاتییەک بۆ ماوەی دە ساڵ بەردەوام خۆپیشاندان دەکات، بایکۆت دەکات، دەنگ دەدات، و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوار دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا دەبینێت هێشتا کێشەی نەبوونی مووچە و ئاو و کارەبا وەک خۆیەتی، ئیتر ئەو کۆمەڵگەیە باوەڕی بە سیاسەت نامێنێت؛ ئەو تەنها ماندوو دەبێت.
ئەم ئیفلیجییە سیاسییە، دەرەنجامی شکستی خەڵک نییە، بەڵکو گەورەترین سەرکەوتنی ئەو فەنتەڵۆسانەیە کە حوکمڕانی دەکەن. ئەوان زۆر باش دەزانن کە ئەگەر ناتوانن ئارەزووی خەڵک بۆ ئازادی و دادپەروەری بکوژن، ئەوا دەبێت هێندە بە کێشەی بچووک و ڕۆژانە ماندوویان بکەن کە ئیتر هێزیان نەمێنێت بۆ بیرکردنەوە لە گۆڕانکارییە گەورەکان. دروستکردنی قەیرانی یەک لەدوای یەک — لە بڕینی مووچەوە بۆ گرانبوونی سوتەمەنی و دانانی باجی ناڕەوا — ستراتیژییەکی پلان بۆ داڕێژراوە بۆ ئەوەی خەڵک لە “هاوڵاتییەکی خاوەن ماف و ئیرادە”وە ببنە “ڕۆبۆتێکی ماندوو” کە تەنها بەدوای پەیداکردنی نانی ڕۆژانەیدا ڕادەکات.
(وەک چۆن بیونگ چول هان، فەیلەسوفی کۆری-ئەڵمانی، لە تیۆریی ‘کۆمەڵگەی ماندوو’دا دەڵێت: “لەم سەردەمەدا، مرۆڤەکان هێندە لەلایەن سیستەمەکەوە ناچارکراون کە خۆیان بخۆنەوە و خۆیان ماندوو بکەن، کە ئیتر توانای یاخیبوون و ڕێکخستنی شۆڕشیان نامێنێت.”) — ئەمەش هەمان ئەو دۆخەیە کە لە وڵاتانی وەک یۆنان لە کاتی قەیرانی قەرزەکانی ساڵی ٢٠١٠دا ڕوویدا، کاتێک گەنجان لەبری ئەوەی بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ گۆڕینی سیستەمە گەندەڵەکە، نوقمی بێهیوایی بوون و یان کۆچیان کرد یان لەناو بازاڕی کارێکی بێبەزەییدا تووشی خەمۆکی بوون. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە ئەوانیش بێباکترن؛ ئەوان نەک تەنها ئابوورییەکەیان وێران کردووە، بەڵکو هەر کاتێکیش خەڵک بیەوێت پشوو بدات و دەنگی بەرز بکاتەوە، بە دروستکردنی سیناریۆی نوێ و دەرکردنی یاسای نوێ بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی، وایان لێ دەکەن کە تەنانەت لە بیرکردنەوەش بترسن.
لەم زەلکاوەدا، دەسەڵات چیتر پێویستی بەوە نییە خەڵک بگرێت و لە سێدارەیان بدات (هەرچەندە ئەوەش دەکات)؛ تەنها بەسە کە ڕۆژانە لەسەر شاشەکان بیانهێنێت و بیانبات، بەڵێنیان پێ بدات و پاشان بییگۆڕێت، هەڵبژاردن دوابخات و دواتر بە ئەنجامێکی پێشوەختە دیاریکراوەوە ئەنجامی بدات. ئەم یارییکردنە بە دەروونی خەڵک، وا دەکات کۆمەڵگە هەست بکات کە هیچ شتێک مانای نەماوە و هیچ هەنگاوێک ئەنجامی نابێت. کاتێک وزەی کۆمەڵگە دەگۆڕێت بۆ بێهیوایی، دەسەڵاتداران بە ئاسوودەیی لەسەر کورسییەکانیان دەخەون.
