ئەحمەد جەلال ئەحمەد
لە زۆربەی وڵاتانی خاوەن سیستەمی دیموکراسیدا، کابینەی حکومەت وەک گرێبەستێکی کاتییە لە نێوان دەسەڵات و گەلدا؛ دوای هەڵبژاردنێک پێکدێت، چەند ساڵێک حوکم دەکات، و دواتر لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە دەگۆڕدرێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، چەمکی “کابینەی حکومەت” مانایەکی تەواو جیاوازی وەرگرتووە کە دەکرێت ناوی بنێین “کابینەی هەتاهەتایی یان چەقوەستوو”. لێرەدا، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و دەستپێکردنی حوکمڕانی نەک تەنها بە هەڵبژاردن یەکلایی نابێتەوە، بەڵکو دەبێتە سەرەتای قەیرانێکی درێژخایەنی دابەشکردنی پۆستەکان کە زۆرجار وڵات بۆ چەندین مانگ و تەنانەت زیاتر لە ساڵێک ئیفلیج دەکات.
بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم (ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥) و یاسای هەڵبژاردنەکان، دەبێت پەرلەمان گەورەترین فراکسیۆن ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا. بەڵام لە واقیعی سیاسیی کوردستاندا، ئەم یاسایانە هیچ بەهایەکیان نییە. پێکهێنانی کابینە پەیوەست نییە بە زۆرینەی پەرلەمانییەوە، بەڵکو پەیوەستە بە “ڕێککەوتنی دووقۆڵی” نێوان دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە (پارتی و یەکێتی)، کە هەریەکەیان خاوەنی هێزی چەکدار و ناوچەی جوگرافیی جیاوازی خۆیەتی. هەربۆیە کاتێک دەپرسین “کەی حوکمڕانی بەڕاستی دەست پێدەکات؟”، وەڵامەکە ئەوەیە کە حوکمڕانیی ڕاستەقینە و دامەزراوەیی هەرگیز دەست پێناکات، چونکە تەنانەت دوای سوێندخواردنی کابینەکەش، وەزیرەکان زیاتر نوێنەری حیزبەکانیانن وەک لەوەی نوێنەری حکومەتێک بن کە بڕیارەکانی بەسەر سەرجەم شارەکاندا (هەولێر و سلێمانی) وەک یەک جێبەجێ بکرێت.
ئەم دۆخە نەخۆشە وای کردووە کە “کابینە” لە کوردستان ببێتە ئامرازێک بۆ مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نوخبەی سیاسی، نەک دامەزراوەیەک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان. کابینەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام هەمان دەموچاوەکان، هەمان سیاسەتی نەوتی ناڕوون، و هەمان قەیرانی مووچە بەردەوامن. ئۆپۆزسیۆنیش لەم نێوەندەدا ڕۆڵێکی زۆر لاواز دەگێڕێت و زۆرجار وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنرێت تا حیزبە سەرەکییەکان پشکی یەکتر قبوڵ بکەن. ئەم چەقبەستووییە وا دەکات خەڵک متمانەی بە هەڵبژاردن و گۆڕانکاریی ئاشتیانە نەمێنێت، چونکە دەزانن ئەنجامی سندوقەکان هەرچۆنێک بێت، هێزی چەکدار و داهاتی نەوت بڕیاردەری کۆتایی دەبن.
ئایا دەکرێت هەتاهەتایە وڵاتێک بە نیوە حکومەت و بە بێ یاسای بودجە و بە پەرلەمانێکی سڕکراوەوە بەڕێوە ببرێت؟ کابینەیەک کە لە سێبەری دەبابەی حیزبدا لەدایک دەبێت و ئیرادەی گەلەکەی خۆی نوینەرایەتی ناکات، تەنها بەڕێوەبەری قەیرانە، نەک دروستکەری ئایندە. ئەی ئەو میللەتەی کە بەردەوام چاوەڕێی کابینەیەکی نوێی تا مووچەکانتان بۆ دابین بکات؛ کاتی ئەوە هاتووە تێبگەن کە هیچ کابینەیەک ناتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات تا ئەو کاتەی سیستەمە حیزبییە چەکدارییەکە لە ڕەگەوە هەڵنەتەکێنرێت. حوکمڕانیی ڕاستەقینە ئەو ڕۆژە دەست پێدەکات کە حیزبەکان لە کۆمپانیاوە ببنەوە بە ڕێکخراوی سیاسی، و حکومەتیش ببێتە خاوەنی یەک هێزی نیشتمانی!
