خوێندراوەتەوە: (10.9K)

زەردەشت عەبدوڵڵا

لە هەرێمی کوردستان”پڕۆژەی ستراتیژی، چاکسازیی ڕیشەیی، یان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی” هاتە باسەوە، بزانە کە دەسەڵات خەریکی داپۆشینی قەیرانێکی نوێ یان شکستهێنانە لە دابینکردنی بچووکترین مافی سەرەتایی! لێرە، لێدوانی بریقەدار و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بە ڕێکەوت ڕوو نادەن؛ بەڵکو “سەرلێشێواندنی خەڵک لە ڕێگەی قسەی زۆر و کردەوەی سفرەوە” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتییە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لە لێپرسینەوە، “بەرهەمهێنانی قەیران و دواتر باسکردنی چارەسەری خەیاڵییە بەبێ ئەوەی یەک هەنگاوی ڕاستەقینە بنێن”. بۆیە دەبینین لێرە سەرکردەکان لەسەر شاشەکان دەبنە پاڵەوانی نەتەوەیی، بەڵام لە واقیعدا ناتوانن مووچەی مانگێک دابین بکەن!

با سەیری ئەم “سیاسەتی سەرلێشێواندنە” بکەین. بۆچی هەموو ڕۆژێک گوێمان لە گوتاری گەورە دەبێت لەسەر ئاوەدانکردنەوە و شەفافیەت، لە کاتێکدا قوتابخانەکان بێ مامۆستان و نەخۆشخانەکان دەرمانیان تێدا نییە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە پلانیان نییە؟ نەخێر، چونکە “فرۆشتنی درۆ بە شێوازێکی مۆدێرن” باشترین چەکە بۆ ئەوەی هاوڵاتی بخەنە ناو بازنەیەکی داخراوی چاوەڕوانییەوە. مەسرور بارزانی باسی ژێرخانی ئابووریی بەهێز دەکات، لە کاتێکدا فەرمانبەرەکەی ناتوانێت کرێی خانوو بدات؛ قوباد تاڵەبانی باسی ئازادی و بوژانەوەی سلێمانی دەکات، لە کاتێکدا داهاتی شارەکە دیار نییە. کاتێک تۆ هیچ چارەسەرێکت پێ نییە، تەنها ڕێگە بۆ مانەوەت لەسەر کورسی ئەوەیە کە دەنگەدەنگ دروست بکەیت بۆ ئەوەی خەڵک ڕاستییەکان نەبینێت!

هەمان سیاسەت لە دروستکردنی لیژنە درۆینەکاندا جێبەجێ دەکرێت. هەر کاتێک قەیرانێک دروست دەبێت—جا کێشەی هەناردەکردنی نەوت بێت، یان دابەشنەکردنی مووچە—ئەوان “لیژنەی لێکۆڵینەوە و دانوستان” پێکدەهێنن. ئەم لیژنانە بۆ ئەوە نین کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەن کە “کات بکوژن و بەرپرسیارێتییەکان ون بکەن”. کاتێک تۆ دەستت لە دزینی سامانی وڵاتدا هەیە، بۆچی کێشەکان چارەسەر دەکەیت؟ ئەوان قەیرانەکە دەخوڵقێنن، سەدان لێدوانی لەسەر دەدەن، و پاشان وەک جێبەجێکارێکی خەمخۆر لە شاشەکانەوە دەردەکەون.

تەنانەت کاتێک باس لە “ئیرادەی گەل و مافی دەستووری” دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە ئەم وشانە بەکاردەهێنێت تەنها بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی تەسلیمبوونی خۆی بە ئەجێندای دەرەکی بشارێتەوە. ئەوان لەسەر مێزی دانوستان لە بەغدا و تاران و ئەنقەرە هەموو شتێک تەسلیم دەکەن، بەڵام کاتێک دەگەڕێنەوە هەولێر و سلێمانی، باسی شۆڕش و مقاوەمەت دەکەن! “زمانی سیاسی وا داڕێژراوە کە درۆ بکاتە ڕاستی، و کوشتن بکاتە کارێکی ڕەوا، و ڕوواڵەتێکی پتەو بداتە باکە تایەیەک.” ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان بە زەبری “گوتاری بێ ناوەڕۆک” دەیانەوێت ڕاستییەکانی داڕمانی هەرێم بشارنەوە و کەرامەتی خەڵک بشکێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 40 Today: 75 📊 Click Here