خوێندراوەتەوە: (16.1K)

شهرام خالید عبدولڕحمان

ئەگەر لە جیهاندا وڵاتێک هەبێت کە تێیدا ئازادیی ڕادەربڕین و چالاکیی مەدەنی بە “تاوان و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” هەژمار بکرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستانە لەژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام هۆشداری دەدەن کە حکومەتی هەرێم بووەتە “مەکینەیەکی ترسناک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ” و ڕۆژانە بە شێوەیەکی سیستماتیک چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان، و سەرکردەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستگیر دەکات تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنەیان لە گەندەڵی و تاڵانکارییەکانی دەسەڵات گرتووە. ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە ڕێک دامەزراندنی دەوڵەتێکی پۆلیسییە کە تێیدا دادگاکان و هێزە ئەمنییەکان کراونەتە داردەستی مەکتەب سیاسیی حیزبەکان بۆ بێدەنگکردنی شەقام.

ئەوەی دیمەنی سەرکوتکارییەکانی لە هەرێمی کوردستان بردۆتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدارەوە، دەستگیرکردنی ڕاستەوخۆ و بەکۆمەڵی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنە. لە ڕووداوێکی بێپێشینەدا لە ساڵی ٢٠٢٥، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (ئاسایش) لە یەک ڕۆژدا هەڵیانکوتایە سەر چەندین کەسایەتیی دیار و دەستگیریان کردن، لەوانە: عەلی حەمە ساڵح (سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی)، د.غالب محەمەد (سەرکردە لە هەمان ڕەوت)، ڕێبوار کەریم (سەرکردە لە هاوپەیمانی)، و عومەر گوڵپی (لە کۆمەڵی دادگەری). هەرچەندە دواتر ئازاد کران، بەڵام ئەمە پەیامێکی ڕوونی دەسەڵات بوو بۆ تۆقاندنی هەر کەسێک کە بیەوێت خەڵک بۆ ناڕەزایەتی یان خۆپیشاندان هان بدات. تەنانەت سەرکردەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ (شاسوار عەبدولواحید) و چالاکوانەکانیشیان بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی سیاسی بوونەتەوە.

سەرکوتکردنەکان تەنها لە سیاسییەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە داخستنی ئەو کەناڵە میدیاییانەی کە بە دڵی دەسەڵات کار ناکەن. داخستنی نووسینگەكانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی (NRT) بە زەبری هێزی پۆلیس، تەنها یەکێکە لەو دەیان نموونەیەی کە تێیدا دەسەڵاتدارانی کورد (چ پارتی و چ یەکێتی) میدیای ئازاد دەخنکێنن. ڕێکخراوەکانی وەک لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ئەم هەڵمەتانەیان بە “ڕەشبگیرییەکی نایاسایی و بێپێشینە” ناوبردووە کە ئامانج لێی کوێرکردنی چاوی کۆمەڵگەیە تا کەس نەتوانێت قەیرانەکانی مووچە و دابەشکردنی نەوت و خاڵە سنوورییەکان بە دوو بنەماڵەکە ببینێت.

ئەمە ئەو “دیموکراسییە”یە کە دەسەڵاتی کوردی لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا شانازیی پێوە دەکات؛ قەوارەیەک کە لە دەرەوە باس لە ئازادی دەکات، بەڵام لە ناوخۆدا زیندانەکانی پڕ کردووە لە مامۆستا، ڕۆژنامەنووس، و چالاکوانی مەدەنی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 55 Today: 193 📊 Click Here