سورێن حەمە کەریم
بیر لەوە بکەرەوە کاتێک دەچیتە سندوقی دەنگدان، ئومێدێک هەیە، باوەڕێک هەیە کە ئەم جارە شتێک دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر دوای چەند مانگ هەر ئەو دەموچاوە بێت؟ ئەگەر هەڵبژاردنەکە تەنها نەریتێک بووبێت، نەک ڕێگەیەکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانکاری؟
ئەمە تەنهاپرسیارێک نییە، ئەمە دۆخی ئێستای کوردستانە! نزیکەی ١٦ مانگ تێپەڕیوە لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، بەڵام هێشتا حکومەتێکی نوێمان نییە و هەر حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەمان ماوە!
حکومەتی ماوەبەسەرچوو یان کاربەڕێکەر، لە هەموو دوونیادا حکومەتێکە کە دوای تەواوبوونی ماوەی یاساییەکەی، بەردەوام دەبێت تەنها بۆ بەڕێوەبردنی کاری ڕۆژانە هەتا حکومەتێکی نوێ دادەنرێت.
ئەم حکومەتە تەنها ڕێگەپێدراوە کارە ئاساییەکان بەڕێوەبەرێت و نابێت بڕیارە گەورە و ستراتیژیەکان بگرێت، کەچی لەم هەرێمە بەناو دیموکراسیەی ئێمە، هەر ڕۆژە و حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەمان بڕیارێکی نوێ دەدات! نرخی کارەبا دادەنرێت، مووچەکان دابەش ناکرێن، لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن دەکرێت لەسەر نەوت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەبرێن!
ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ هەڵبژاردن ئەنجام درا، خەڵک دەنگیان دا، دوای هەڵبژاردن پەرلەمانی نوێ نەیتوانی کۆببێتەوە بە شێوەیەکی کارامە، مانگەکانی دواتر چەندین دانیشتن کرا لە نێوان پارتی و یەکێتی، تاکە ڕێکەوتنێک ئەوەیە کە دوای هەر کۆبوونەوەیەک دەڵێن “کۆبوونەوەکان بەرهەمدار بوون و لێک نزیکبوونەوە هەیە”، یان “بڕیارمان دا کۆبوونەوەکان بەردەوام بن” – بەڵام بەبێ هیچ ئەنجامێک.
ئەمە شتێکی سەیرە کە هەموومان دەیبینین، کاتی هەڵبژاردن دەڵێن “ئێمە بەرگری لە کورد دەکەین!”، “بەرژەوەندی نەتەوە لە پێشەوەیە”، “کوردستان لە سەرووی هەمووشتێکەوە”. دوای هەڵبژاردن ململانێ لەسەر پۆستەکان، دابەشکردنی بودجە و پلە و پۆست بە حزبەکان، کوردستان و کوردیان لە یاد دەچێت. کاتی کێشە لەگەڵ بەغدا دەڵێن “ئەوەتا دیسان دژایەتی کورد دەکرێت!”، “پێویستە هەموو کورد یەک بین”، ئەمە وەک کەسێکە کە لە دوکان بڵێت “بەرژەوەندی کڕیار پێشینە بۆ من”، بەڵام دوای کڕین هەر شتی خراپ و گرانی پێ بفرۆشێت. کوردایەتی بووە بە کاڵایەک کە لە وەرزی هەڵبژاردن دەفرۆشرێت!
