دیپلۆماتکاری پێشووی عێراق ئاشکرای دەکات کە هۆشدارییەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران و مانۆڕی سیاسی ناوخۆیی لە عێراق زیادی کردووە و پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا لە ماوەی داهاتوودا ڕێگە بە هیچ کاریگەرییەکی نوێی ئێران لە عێراق نادات.
غازی فەیسەڵ دیپلۆماتکاری پێشووی عێراق ڕۆژی دووشەممە (٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند”واشنتۆن بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات کاریگەری ئێران لە عێراقدا فراوانتر بێت، چ لەسەر ئاستی سەربازی، سیاسی یان ئەمنی، ئەمریکا عێراق بە بنکەیەکی ستراتیژی دەبینێت بۆ ئەوەی ئێران کاریگەریی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکات، بەرەو سوریا و لوبنان و یەمەن، ئەمەش واشنتۆن بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەزانێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد،” حکوومەتی عێراق خۆی ئەو فراوانکردنە قبوڵ ناکات، بەتایبەتی کاتێک پەیوەست بێت بە پێکهێنانی حکومەتێکی دڵسۆز کەناسراوە بە میحوەری بەرخۆدان و هاوپەیمانی سوپای پاسدارانی ئێرانە، یان سەر بە کوتلە چەکدارەکانە کە ٤ بۆ ٦ گروپی لەوان ئەمریکا بە ڕێکخراوی تیرۆریستی دەزانێت و سزای ڕوونی بەسەریاندا سەپاندووە”.
فەیسەڵ ڕوونیشیکردەوە، “ڕەگی کێشەکە لە ناکۆکی قووڵی واشنتۆن و تاراندایە لەسەر خاک و دامەزراوەکانی عێراق، هەرچەندە ئەمریکا نەیتوانی ڕێگری لە پەسەندکردنی کاندیدێک بکات کە تاران پشتیوانیی لێدەکات، بەڵام هەماهەنگی سیاسی و دیپلۆماسی دەتوانێت ڕێگری لە ململانێی ڕاستەوخۆ بکات، بەو پێیەی لێکەوتەکانی کارەساتبار دەبن بۆ پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و بۆ ئابووری و دۆخی سیاسی و ئەمنی لە ناوخۆی عێراقدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “باشترین شت کە واشنتۆن بتوانێت بیکات ئەوەیە کە ئامرازەکانی فشاری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری بەکاربهێنێت، لەکاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگییەکان بڕیارە بەدواداچوون بۆ ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات بکات کە لە تاکی سەربەخۆ پێکهاتبێت، دوور لە پارتە ئیسلامییەکان و کوتلە چەکدارەکان، بۆ ئەوەی دووربکەوێتەوە لە هەر جۆرە ململانێیەکی ئەگەری لەگەڵ ئەمریکا، تەنانەت لە ئاستی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیراندا”.
ئێران
ئەمریکا
عێراق
