چین لە نوێترین داهێناندا، هەندێک ڕۆبۆتی دروست کردووە، لە توانایاندایە یاریی تۆپی پێ بکەن. دوو لە ڕۆبۆتەکانیش بە ناوی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسییەوە کراون.
کۆمپانیای “بووستەر ڕۆبۆتیک”ـی چینی بە هاوکاریی چەند زانکۆیەکی وڵاتەکە، ژمارەیەک ڕۆبۆتی دروست کردووە و دوو تیمی تۆپی پێی لێ پێک هێناون. ئەم ڕۆبۆتانە مرۆڤدۆستن و ئامانج لە دروستکردنیان ئەوەیە، لە داهاتوودا مرۆڤ و ڕۆبۆت پێکەوە بەبێ کێشە یاری تۆپی پێ بکەن.
ڕاستە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی بە ڕەچەڵەک چینی نین، بەڵام کۆمپانیاکە لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە، ڕۆبۆ-رۆناڵدۆ و مێکا-مێسی دروست کردووە، بەڵام هێندەی مێسیی ئەرجەنتینی و ڕۆناڵدۆی پۆرتوگالی، بەهێز و خێرا نین.
شێنگ هاو، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بووستەر ڕۆبۆتیک، ڕایگەیاند “لە داهاتوودا، لەوانەیە یاری تۆپی پێ لەنێوان ڕۆبۆت و مرۆڤ ڕێک بخەین. ئەمەش مانای ئەوەیە، ئێمە دڵنیایی دەدەین لەوەی ڕۆبۆتەکان بە تەواوی سەلامەتن و نابنە مەترسی بۆ سەر مرۆڤ. بۆ نموونە، مرۆڤ و ڕۆبۆت دەتوانن پێکەوە یاری بکەن، بەڵام لەو یارییەدا بردنەوە گرنگ نییە، بەڵکو بەرگریی و هێرشبردن و مامەڵەکردنی نێوانیان گرنگە. ئەمەش متمانەی بینەران زیاتر دەکات و تێ دەگەن لەوەی ڕۆبۆتەکان سەلامەتن.”
 خوێندراوەتەوە: (4.2K) 
  
