خوێندراوەتەوە: (14.9K)

فەرەیدون رسول

ماوەی سێ ڕۆژە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردوە، بەڵام ساردوسڕی زۆری پێوە دیارەو هاوڵاتیان بەدەم حزبەکانەوە نایەن بۆ بانگەشەکردن، ئەمەش نیگەرانی لای حزبە سیاسیەکان دروست کردوەو ترسیان هەیە لەوەی کورسی پێویست بەدەستبهێنن.

لایەنێکی گرینگ لە پڕۆسەی سیاسی عێراق ئەوەیە،کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دواناخرێ و لە کاتی خۆیدا دەکرێت، هەڵبژاردن وەک بنەمایەکی سەرەکی دیموکراسی پێناسەی سیستەمی سیاسی دەکات لەعێراق، بەڵام نەبۆتە هۆکاری ئەنجامدانی گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، یان پڕۆسەکە لە ڕێچکە دیموکراسییەکەی دوور دەخرێتەوە و بەلاڕێدا دەبرێت، دەنگدەر ئومێد لەسەر ئەم پڕۆسەیە هەڵناچنێ و متمانەی بە هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان لاواز دەبێت.

حزبە دەسەڵادارەکان لەڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە دەیانەوێت وردە وردە بانگەشە گەرم بکەن، ئەوەش بە گەوجاندن و بەکارهێنانی دروشمی بێ کردار، هەروەها پێگەی دەسەڵات و داهاتی گشتی و هێزی چەکدار لەپرۆسەی هەلبژاردندا لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە بەکاردەهێنرێن، لەلایەکی تریشەوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تەواو سەربەخۆ نیە و هێشتا گزیکردن لە هەڵبژاردن دەکرێ و هەڵبژاردن پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە نییە، لە هەڵبژاردن دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر نییە، تەنانەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هێزە سیاسیەکان و کاندیدە ڕکابەرەکان وەکو یەک نیە.

تاکو ئێستا کەمترین بەشداری خەڵک لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەبینرێت، چونکە هاوڵاتیان متمانەیان بە هەڵبژاردن نەماوەو پێیان وایە بە دەنگدان گۆڕانکاری لەدەسەڵاتدا ناکرێت و پارتی و یەکێتی وەک شانۆگەریەک ئەو پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن، تەنانەت وێنەو دروشم و لۆگۆی حزبەکان بەتایبەت حزبە دەسەڵاتدارەکان زۆر بەکەمی لەسەر شەقامەکان دەبینرێت، بەوتەی هاوڵاتیان بەشداری نەکردنی خەڵک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەرخەری توڕەیی خەڵکە لەدەسەڵات.

دەستپێکرنی بانگەشەی هەلبژاردن لەکاتێکدایە، لە سلێمانی سەرۆکی دوو حزبی ئۆپۆزسیۆن لە زیندانن، هاوکات لەهەولێر ئازادی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن جگە لەیەکێتی کەهاوپەیمانی پارتیە، بۆهیچ هێزێکی دیکە ئاسان نیە، پارتی رێگە نادات هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لەهەولێر بارەگای سەرەکی هەبێت و لەوێوە بانگەشەی گۆڕینی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بکات، لەلایەکی تریشەوە هێشتا موچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی موچەخۆران نەدراوە، هێشتا چارەنووسی باقی موچەی مانگەکانی تر نادیارە، هاوکات نزیکەی یەک ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە کەچی پارتی و یەکێتی حکومەتیان دروست نەکردووە، ئەمەش بێ متمانەیی تەواوی لای خە ڵک دروستکردوەو نایانەوێت جارێکی تر بەگەرموگوڕی بەشداری لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بکەن.

لەلایەکی تریشەوە پارتی و یەکێتی دیدگایەکی سیاسی ڕوون و هاوبەشیان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن نیە، لەبری ئەوەی لەبەغدا بەیەکەوە کاربکەن و کورد لەبەغدا بەهێز بکەن، هەریەک بەجیا کار بۆ وەرگرتنی پلەو پۆستی زیاتر لەحکومەتی عێراقی دەکات، سەرەڕای ئەوەش بێباکی دەسەڵات لەئاست فراوانبونی مەودای بێکاری و نەبوونی دیدگایەکی نوێ بۆ حوکمڕانی و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستان، هێندەی تر متمانەی هاوڵاتیانی بەهەڵبژاردن لاواز کردووە.

By Razhan Ahmed

من ڕاژان ئەحمەد بەکالۆریۆسم هەیە لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی.نووسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای ناونیشان. I Razhan Ahmed. I have BA in English Language and Literature.I become an active writer and designer for Nawnishan's website.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 71 Today: 1,879 📊 Click Here